کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:32 - 3 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: دایکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردان، دایە حاجیە " خەندان ڕەحیمیان" لە شاری مەهاباد لە تەمەنی ٩٩ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

دایە حاجیە خەندان دایکی "عوسمان مەولان نژاد" پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و ڕێزەکانی پێشمەرگایەتیدا چەکی شەڕەف و پارێزەریی لە خاک و نیشتمانەکەی لە شان کردووە.

دایە خەندان هەروەها دایەگەورەی شەهید "هێمن مەولان نژاد"ه؛ شەهید هێمن وێڕای شەهید یەعقووب مورادی ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی لە کاتی ئەنجامدانی گەشت و مەئمووریەتێکی حزبیدا لە ناوچەی پیرانشار کەوتوونەتە نێو بۆسەیەکی چەکدارانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران دوای شەڕێکی قارەمانانە تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون.

دوو برازای دایە خەندان بە ناوەکانی شەهید "کەریم و حەسەن ڕەحیمیان" لەگەڵ ٥٩ لاوی مەهاباد لە لایەن ڕێژیمی جەلادی خومەینییەوە ئێعدام کران.

دایە خەندان کەسێکی دڵسۆز بوو و شانازیی بە ڕێبازی کوڕە پێشمەرگەکەی خۆی دەکرد. تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.