کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد

13:52 - 1 بانەمەڕ 2720

دایکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد و یاد و بیرەوەرییەکانی بۆ کەسوکار و ئازیزانی بەجێ هێشت.

بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١ی بانەمەڕ، خاتوو "خانمۆڵ جبرەئیلی پوور"، خەڵکی گوندی "وشتەپە" سەر بە بۆکان، دایکی هاوڕێ "سەعدوون شەریفی"، پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دەزگای دارایی حیزب، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا بۆ هەمیشە دڵە تاسەبارەکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.

خاتوو "خانمۆڵ" خاوەن بنەماڵەیەکی پێشمەرگەپەروەر و نیشتمان خۆشەویست بوو و خەمی چەندین شەهیدی لە چاوی تاسەباری دیداری کەسە پێشمەرگە و شەهیدەکانیدا دەلاواندەوە.

ئەو دڵی کەیلی کوڵی کۆمەڵکوژییەکانی "سەوزی" و "سەرچنار" و قەرەگۆل" و ئاوێتەی کسپەی بەندیخانە و دەسبەسەرییەکانی "سەعدوونـ"ـی کوڕی بوو کە بە لاوی چەکی بەرگری لە گەل و نیشتمانەکەی کردبووە شان.

دایە "خانمۆڵ" بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەنێو ئاپۆڕای کەسوکار و ئازیزانی و خەڵکی "وشتەپە"دا لە گوندەکەی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری دایە "خانمۆڵ" دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.