کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی پێشمەرگەیەکی کوردستان لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد

11:39 - 24 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕ، دایە ''خەدیجە ئەمیر حوسێنی'' کچی حاجی ''مەحموود خەلیفەلیانی'' و هاوژینی شەهید مەلا ''مستەفا حەیرانی''، خەڵکی خەلیفەلیانی سەر بە ناوچەی سندووس، لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

دایە ''خەدیجە'' دایکی ''فاتێح حەیرانی'' پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

دایە ''خەدیجە'' کەسێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو و لە ماوەی ژیانیدا زۆر جار تووشی نەهامەتی و ناڕەحەتی بووە، بەهۆی ئەوەیکە بنەماڵەی مامۆستا حیزبی بوون و لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەوی و و دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیش هەمیشە ماڵیان جێگای حەسانەوەی ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزب بووە. دایە خەدیجە بەوپەڕی ڕێز و حورمەتەوە میواندار و ڕازداری ئەندامان و پێشمەرگەکان بووە.

ناوبراو بەهۆی ئەوەیکە هاوسەرەکەی لە ساڵەکانی چلی هەتاویدا زیندانی کرا، هەروەها کوڕەکەی بە ناوی ''فاتێح'' لە ساڵی هەشتاکاندا و هەر بەهۆی حیزبی بوونیەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ زیندانی کرا، هدایە ''خەدیجە'' قەت خۆشیی لە خۆی نەدیت.

دایە ''خەدیجە'' هەمیشە ئاواتی ئەوە بوو کە کوردستان بە ئازادی ببینێت.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا لە گۆڕستانی خانەقای شێخی بورهان و لە تەنیشت گۆڕی مامۆستای هاوسەری بە خاکی پاکی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە ''خەدیجە'' دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.