کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "ئاسیە قادری" کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ لە سنە کۆچی دوایی کرد

10:56 - 27 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە "ئاسیە قادری" دایکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات بە ناوی "سیامەک محەممەدنژاد" ناسراو بە "سیاڕەش" و خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە ژاوەرۆی سنە، لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ماڵی دایە "ئاسیە" لە سەردەمی خۆیدا، هەمیشە شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بووە. ئەو ژنە ئازا و بەجەرگە، دەیان جار گیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە و یارمەتیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی داوە و تەنانەت پێشمەرگەکانی لە کەمینی دوژمن ئاگادار و ڕزگاریانی کردووە.

دایە "ئاسیە" هەر بەهۆی ئەو چالاکی و خزمەتانە کە بە حیزبی دێموکراتی کردووە، چەندین جار لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە سووکایەتیی پێ کراوە و تەنانەت بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم و لە شاری کامیاران بۆ ماوەیەک زیندانی کراوە، بەڵام ناوبراو چاونەترسانە کۆڵی نەداوە و لەسەر ڕێبازەکەی سوورتر لە جاران پێداگریی کردووە.

ئەو ژنە شۆڕشگێڕە سەرەڕای ئەوەیکە باری ماڵیی لاواز بووە بەڵام بە شانازییەوە یارمەتیی ماڵیی بۆ تێلڤیزیۆنی "تیشک" ناردووە و هەتا سەر وەفاداری ڕێبازی حیزبەکەی بووە.

تەرمی دایە "ئاسیە" لە زێدی خۆی لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.