کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "ئامینه محەممەدی" دایکی شەهیدێکی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد

12:12 - 28 خەرمانان 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانان دایە "ئامینە محەممەدی" هاوسەری خوالێخۆشبوو وەستا "محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی" دایکی شەهید "خالید عەبدوڵڵاهی" بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دایە "ئامینە محەممەدی" دایکی شەهید "خالید" ژنێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز و هەتا سەر دێموکرات بوو کە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا ئازادیی کوردستان ببینێت.

ئامینە خانم لە دیدارەکاندا بە دڵ پێی خۆش بوو ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەقز زیاتر سەردانیان بکەن و هیچ کات لە دژایەتیکردنی ڕێژیم کۆڵی نەدا.

دوایین یادگارییەکانی شەهید "خالید" وەک سەر گیرفانەی جلە پێشمەرگانەکانی و تارای سوور و چەند تاڵێک لە قژی شەهید، لەسەر وەسیەتی دایە "ئامینە" خرایە ناو گۆڕەکەیەوە.

"ئامینە" خانم یەکێک لەو دایکە ئازا و بوێرانە بوو کە هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی لەسەر ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی وەفادار مایەوە.

شەهید "خالید" ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی لە "سەقز" لەدایک بوو. کاتێک گەیشتە تەمەنی لاوی و ڕێژیمی ئێران هێرشی کردە سەر خاکی کوردستان، چەکی پێشمەرگایەتیی لە شان کرد.

ناوبراو ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی لە "سەرشیو" بە دەستی خۆفرۆشێک بە ناوی "عەبوو سێزدە" شەهید کرا و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو.

 تەرمی شەهید "خالید" لە "تەختی عەواڵان" بە خاک ئەسپێردراوە.

تەرمی دایە "ئامینە" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی شاری "سەقز" و گوندەکانی دەوروبەری، لە گۆڕستانی "ئایچی" بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.