کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "ئامینە ئاگووشی" هاوسەر و دایکی شەهیدێکی کوردستان لە پیرانشار کۆچی دوایی کرد

13:12 - 12 بانەمەڕ 2721

ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە "ئامینە ئاگووشی"، هاوسەری شەهید "ئیبراهیم ئاگووشی" و هەروەها  دایکی شەهید "سمکۆ ئاگووشی"، خەڵکی پیرانشار، دوای تەمەنێک پڕ سەروەری ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "ئامینە"، ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و هەمیشە شانازیی دەکرد کە هاوژینەکەی و هەروەها ڕۆڵەیەکی، گیانیان لە ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستان بەخت کردووە.

شەهید "ئیبراهیم ئاگووشی" ناسراو بە "بێبەش"، ساڵی ١٣٣٠، لە گوندی "کانی کلێ" لەدایک بووە.

ناوبراو دوای پەیوەستبوونی بە ڕیزەکانی شۆڕش، لە مەتەرێزی خەبات بۆ گەل و نیشتمانەکەی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە و بوێرانە تێکۆشانی هەبووە.

دەرەنجام شەهید "ئیبراهیم"، لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەری ١٣٦١ی هەتاوی، لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا دژی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، لە گوندی "بازرگانـ"ـی پیرانشار، تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو و سەنگەری بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بەجێهێشت. گڵکۆی ناوبراو لە "کانی کلێـ"ـدایە.

هەروەها شەهید "سمکۆ ئاگووشی"، کوڕی دایە "ئامینە"، لەدایکبووی ١٣٥٩، لە گوندی "کانی کلێـ"ـیە. ناوبراو دوای ئەوەیکە پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە پلەی تەشکیلاتی وەکوو کادری دەرەجە ٤، بۆ داکۆکی لە مافی ڕەوای گەلەکەی، دژی ڕێژیمی ئێران خەبات و تێکۆشانی هەبووە.

دەرەنجام شەهید "سمکۆ"، لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەمەی ١٣٨٤، بەهۆی نەخۆشییەوە لە جێژنیکانی کوردستانی باشوور، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

دایە "ئامینە" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدانی کوردستان ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "ئامینە" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.