کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "ئامینە مەولوودیان" دایکی شەهیدێکی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد

16:26 - 30 رێبەندان 2720

 دایە "ئامینە مەولوودیان" دایکی شەهید "نەجات ماملێ" و هاوسەری هونەرمەند "محەممەد ماملێ" ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە گەل و نیشتمان کرد.

 دایە ئامینە کچی یەکێک لە ئەفسەر و فەرماندە بەناوبانگەکانی کۆماری کوردستان، کاپیتان "محەممەد مەولوودیان" ناسراو بە "حەمەدی مەولودە چرچی‌"ـیە. تا پۆلی چواری سەرەتایی دەخوێنێت.

ئامینە خانم ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی، وەکوو ژنێکی تێکۆشەر و ئەندامی ڕێکخراوی ژنان بەشداری لە فێستیڤاڵی لاوان لە تاران دەکات و دوای هاوسەرگیری لەگەڵ مامۆستا "محەممەد ماملێ"، وەکوو ژنێکی بەرچاو و دیار بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا دەور و نەخشی بەرچاوی هەبووە.

شەهید "نەجات ماملێ" کوڕی دایە "ئامینە"، ڕێکەوتی١٠ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی وێڕای ٣٤ لاوی مەهابادی لە گرتووخانەی شاری تەورێز لەلایەن کوردکوژانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شەهید کران.

شەهید "نەجات" لە کاتی گولـلەبارانکردنیدا تەنیا ١٧ ساڵ تەمەنی بوو کە کۆماری پەت و سێدارە ئەو لاوە خوێنگەرمەی کوردستانی شەهید کرد.

دایە "ئامینە" هەتا داو ساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدانی کوردستان وفادار مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای خەم و پەژارەی خۆی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.