کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "ئایشە قادری" دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ئازادیی کوردستان لە بانە کۆچی دوایی کرد

13:06 - 26 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە "ئایشە قادری"، دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ئازادیی کوردستان و هاوسەری کاک "مستەفا خدری"، خەڵکی گوندی "سیوچ" لە ناوچەی مەیدانانی بانە، لە تەمەنی ٧٥ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "ئایشە"، دوو کوری پێشکەش بە بارەگای نیشتمان کردووە و لەو ڕێگایەدا گیانی پاکیان بەختی ئازادیی کوردستان کردووە.

شەهید "حەسەن خدری" ناسراو بە "حەسەن سیوچەیی"، لە ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی لە گوندی "سیوچـ"ـی بانە لەدایک بووە.

ناوبراو دوای پەیوەندی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پەیوەستبوونی بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە مەتەرێزی خەبات بۆ گەل و نیشتمانەکەی لە پلەی تەشکیلاتی وەکوو کادری دەرەجە ٤، پێئەسپێردراوە حیزبییەکانی بەڕێوە بردووە.

دەرەنجام شەهید "حەسەن"، لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٦٨ی هەتاوی، لە دەرگیرییەکدا دژی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی سەرشیوی سەقز تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو.

کوڕێکی دیکەی دایە "ئایشە" بە ناوی شەهید "جەعفەر خدری"، لە ڕیزی پارتی کرێکارانی کوردستاندا لە ناوچەی بانە شەهید کرا و تێکەڵ بەکاروانی سوورخەڵاتان بووە.

تەرمی دایە "ئایشە" لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.