کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "بەیجان مورادیزادە" هاوژینی شەهیدێکی کوردستان لە ورمێ کۆچی دوایی کرد

11:39 - 9 رەزبەر 2720

ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە "بەیجان مورادیزادە" هاوژینی شەهید "سەعید نیکبەخت"، خەڵکی گوندی "دۆڵەپێسان" سەر بە مەحاڵی دەشتی ناوچەی سیوانای ورمێ، دوای تەمەنێک پڕسەروەری ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "بەیجان" ژنێکی نیشتمانپەروەر، خۆشەویستی بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگەکانی گوند و ناوچەکە بوو.

ناوبراو دوای شەهیدبوونی هاوژینەکەی سەرپەرستیی ٥ منداڵی شەهید "سەعید"ی بە تەواوی کەوتووەتە سەر شانی و بەوپەڕی وەفاداری و لەخۆبردووییەوە، ئەرکی خۆی وەک دایک و هەتا ڕادەیەکی زۆریش باوکایەتیشی بۆ منداڵەکانی بە سەربەرزییەوە بەڕێوە بردووە.

شەهید "سەعید نیکبەخت" ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە گوندی "دۆڵەپێسان" لەدایک بووە. دوای هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ کوردستان، بۆ بەرگریکردن لە خاکی نیشتمانەکەی پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بووە.

دەرەنجام شەهید "سەعید" لە ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ١٣٥٩ی هەتاوی لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا دژی ڕێژیمی ئێران، لە گوندی "دۆڵەپێسان" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو. گڵکۆی ناوبراو لە گوندی "دۆڵەپێسانـ"ـدایە.

هەروەها دایە "بەیجان" خاوەن برایەکی شەهید، بە ناوی شەهید "عەبدوڵڵا مورادیزادە"یە.

تەرمی ناوبراو لە شارەدێی بەندی ورمێ بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "بەیجان" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.