رۆژی سێشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە "حەبیبە ستارە"، کچی "فەرەجوڵڵا" و هاوسەری شەهید "محەممەد بڕناس"، خەڵکی گوندی "وەسێی سەرەوە" لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا و بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە لە شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە "حەبیبە" هاوسەری شەهید میرزا "محەممەد بڕناس" و خاوەنی سێ کچ و کوڕێکە و وەک هاوسەرێکی وەفادار منداڵەکانی ئەو شەهیدەی بە ڕێبازی کوردایەتی، گەورە و بەخێو کردووە.
شەهید میرزا محەممەد بڕناس، خەڵکی گوندی وەسێی سەرەوە لە ناوەچەی ژاوەرۆ کە هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە چەکی پێشمەرگایەتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی هەڵگرتووە و سەرەتا لە هێزی "شەریفزادە" سازمان دراوە و پاشان لە هێزی "زاگرۆس" درێژەی بە خەبات و تێکۆشان داوە و یەکێک لە پێشمەرگە ئازا و بوێر و نەترسەکان بووە.
ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی تیمێکی هێزی "زاگرۆس" هاوڕێ لەگەڵ هێزێکی "بێستوون" بۆ کار و چالاکیی تەشکیلاتی ڕەوانەی ناوچەی سنە کراون کە شەهید میرزا محەممەد یەکێک لە ئەندامانی ئەو تیمە بووە، بەڵام لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی لە جوانڕۆ لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تووشی شەڕ بوونە و دەرەنجام ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣١ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی لە شەڕێکی دژوار و نابەرابەردا لە شوێنێک بەناوی "دۆلی دەرە" لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی لەنێوان پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و سپای داگیرکەری کۆماری ئیسلامیدا هاتە ئاراوە و تێیدا میرزا محەمەد بڕناس و سێ هاوسەنگەری بەناوەکانی "حەمەسەلیم مینبەری"، "فەرهاد شەبڕەندی" و "عەبدوڵلا جوانڕۆیی" گیانیان لە ڕێگای ئازادیی کوردستاندا بەخت کرد. تەرمی شەهید میرزا محەمەد و سێ هاوسەنگەری کەوتنە دەستی هێزی دوژمن و هێشتا شوێنی گڵکۆ و بە خاکسپاردنیان نادیارە.
دایە "حەبیبە" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان ژیانی بەسەر دەبرد.
تەرمی ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانبار لە گوندی وەسێ بە بەشداریی جەماوەرێکی بەرچاو لە خەڵکی سنە و ناوچەی ژاوەرۆ لە گوندی "وەسێ" بە خاکی پاکی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "حەبیبە ستارە" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.