ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە "سەبیعە ئەحمەدیان" دایکی شەهید "عوسمان دۆستی" خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە شاری "سنە" بەهۆی نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە "سەبیعە" ژنێک بوو کە هەموو تەمەنی وەکوو دایکێکی شەهید سەربەرزانە ژیا و شانازیی بە ڕێبازی کۆڕە شەهیدەکەیەوە دەکرد.
شەهید "عوسمان دۆستی" ساڵی ١٣٤٣ لە گوندی "تەنگیسەر" لەدایک بووە. دوای ئەوەیکە ڕێژیمی داگیرکەری ئێران هێرشی دەکاتە سەر کوردستان و شەهید عوسمان لاوێکی شۆڕشگێڕ بووە پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەبێت.
ناوبراو چەکی پارێزگاری لە نیشتمانەکەی دەکات و وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و بوێر درێژە بە کار و چالاکییەکانی دەدات
سەرئەنجام شەهید "عوسمان" ڕێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٦٣ی هەتاوی لە شەڕ و دەرگیرییەدا دژی هێزەکانی داگیرکەری ڕێژیمی پەت و سێدارە لە گوندی "خانەگا" سەر بە شاری "پاوە" شەهید بووە.
گڵکۆی شەهید عوسمان " لە گوندی "حەسەن ئاوا" سەر بە "سنە"یه.
تەرمی دایە "سەبیعە ئەحمەدیان" لە زێدەکەی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپاردە کرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.