ڕۆژی هەینی ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، مامۆستا و چالاکی زانا و بلیمەت، یادگاری کۆمار و هەڵگری ئاڵای کوردستان، دایە "شاسوڵتان قازی" بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە لە ورمێ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە "شاسوڵتان" لەلایەن دایکەوە نەوەی شەهید "قازی فەتاح" و لەلایەن باوکەوە نەوەی قازی "مونعیم" و کچی میرزا "وەهابی قازییـ"ـە. لە پاش دامەزراندنی قوتابخانەی نوێ لە مەهاباد، میرزا وەهابی باوکی وەبەر خوێندنی ناوە و لە ڕیزی یەکەم کچانی شار و ناوچەی مەهاباد بووە کە چووەتە قوتابخانە و دەرسی خوێندووە و بڕوانامەی شەشومی سەرەتایی وەرگرتووە. دایە "شاسوڵتان" خولیای فێربوون و خوێندن و هۆگری زانست، جگە لە وتنەوەی وانەی قوتابخانە لە دەرەوی ئەم سنوورەش، خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی خۆی هەبووە.
بەهۆی گرینگیدانی پێشەوا قازی "محەممەد" بە کار و ڕەوتی فێربوون و پەروەردەی تاک و بە تایبەتی منداڵی کورد، دایە "شاسوڵتان" بە فەرمانی پێشەوا کراوەتە مامۆستای قوتابخانەکانی کاتی کۆمار و ئەم شانازییەی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە کە وەک یەکەم مامۆستای ژن و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە ئەم ئەرکە پیرۆزە بەڕێوە ببات.
ناوبراو لەمەڕ پێشکەوت و گەشەپێدانی بارودۆخی فەرهەنگیی کۆمەڵگەی کوردەواریی ئەو کات وتاری نووسیوە و هەندێک لە وتارەکانی لە ڕۆژنامەی کوردستاندا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
دایە "شاسوڵتان قازی" هاوکات لەگەڵ یادی پیرۆزکردنەوەی ۲٦ی سەرماوەز، لە شاری ورمێ ماڵاوایی لە ژیان کرد. تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی مەهاباد و لە گۆڕستانی "قازی ئاوا" سەر بە شاری مەهاباد، بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکرات، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "شاسوڵتان قازی" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.