کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "عایشە بایەزیدی" دایکی شەهید سەید "سەلام عەزیزی" لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد

11:34 - 1 رەزبەر 2721

ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە "عایشە بایەزیدی"، هاوسەری خوالێخۆشبوو حاجی سەید "ڕەسووڵ عەزیزی" و دایکی شەهیدی نەمر، سەید "سەلام عەزیزی"، دوای تەمەنێک سەربەرزانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

عایشە خانم ژنێکی بەهەست و نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی پڕ لە سەروەریی ڕۆڵە شەهیدەکەی واتە شەهید سەید "سەلام عەزیزیـ"ـیەوە دەکرد کە گیانی پاکی لە ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستاندا بەخت کردووە.

شەهید سەید "سەلام عەزیزی"، ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری گوندی "عەزیز کەندی" شاری بۆکان، چاوی بە دونیا هەڵێنا.

قۆناخەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندیی لە گوندەکەی و پاشان لە شاری بۆکان تێپەڕ کردووە. ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی، لە بەشی یاسایی زانستگای تاران وەرگیرا و دوای تەواوکردنی، لە شاری ورمێ بوو بە دادوەر و پاشانیش بوو بە سەرۆکی دادگوستەریی شاری بۆکان. هەروەها ماوەیەکیش بە کاری پیرۆزی مامۆستایەتییەوە سەرقاڵ بووە.

ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بووەتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. سەید "سەلام عەزیزی" لە حیزبی دێموکراتدا لە ئەندامەتیی هەیئەتی ئیجرایی کومیتە شارستانەوە ئەرکی حیزبی راپەڕاندووە. لە کۆنگرەکانی ٧، ٨، ٩، ١٠ و ١١دا، بە ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردراوە.

ئەندامەتیی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی ١٠ساڵ (٧٨ ــ٦٨) و بەرپرسایەتیی کۆمیسیونەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی نیزامی و ماڵی، نوێنەرایەتیی حیزب لە بەغدا، پیشان دەدەن کە شەهید "سەلام" مرۆڤی تەنگانە و نموونەیەکی درەوشاوەیە لە مەیدانی تێکۆشانی سیاسیدا. پێبەندبوون بە ئەخلاقی سیاسی، پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، شەفافییەت لە هەڵوێست و بڕیاردان، سەراحەت و لێبڕاوی، خاکی‌بوون و خەڵکی‌بوون، ئازایەتی لە دەربڕیندا، باوەڕمەندی بە ڕێبەریی بەکۆمەڵ، ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ هاوڕێیان و قسەخۆشی، کەسایەتیەکان بە شەهید "سەلام" بەخشیبوو کە ببێتە ڕێبەرێکی بەوەج و مودیرێکی سەرکەوتوو و خاوەن ئەزموون و دڵسۆز.

هەروەها کاک سەلام خاوەن ئەندێشە و خامەڕەنگین بوو، بێجگە لە دەوڵەمەندکردن و ڕازاندنەوەی ڕۆژنامەی "کوردستان"، ئۆرگانی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کتێبێکی لەژێر ناوی "سەفەری بێگەڕانەوە" نووسیوە کە داستانی کارەساتی میکۆنووس، چۆنیەتی ڕوودانی ئەو جینایەتە، لایەنە شاراوەکانی ئەو تێرۆرە تا کۆتاییهاتنی دادگای میکۆنووسی لەخۆوە گرتووە. مەخابن، کاک سەید "سەلام عەزیزی" ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کەسایەتی پایەبەرزی سیاسی و کۆمەڵایەتی، سیمای ناسراوی نێو جووڵانەوەی ئازادیخوازی و ڕزگاریخوازیی کوردستان، ڕێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٧٨ی هەتاوی لە نەخۆشخانەیەکی شاری بەغدا، ماڵئاوایی یەکجاریی لە نیشتمان و خەڵکی کوردستان و هاوسەنگەرانی کرد و چووە ڕیزی کاروانی هەرگیز نەمران و شەهیدانی سەربەرزی نیشتمانەوە.

دایە "عایشە بایەزیدی"، هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئارمان و ئارمانجی بەرز و مرۆڤتەوەرانەکانی شەهیدانی حیزبی دێموکرات ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری عایشە خانم دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.