بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە "عوزرا نەسری" دایکی دوو شەهیدی کوردستان بە ناوەکانی "وادار و محەممەد محەممەدپوور" خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە شاری "سنە"، بەهۆی نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە "عوزرا" لەدایکبووی ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوییە و لە ساڵی ١٣٦٢ لە "تەنگیسەر" لە دەرگیرییەکدا دەست و لاقی بریندار بووە و بووەتە کەمئەندام.
هەروەها ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی هەمان ساڵ دوو کوڕی دایە "عوزرا نەسری"، "وادار و محەممەد محەممەدپوور" لە کاتێکدا کە چووبوون سەردانی پێشمەرگەکانیان کردبوو، تەقینەوەیەک ڕوو دەدا کە هەر دووکیان شەهید و دایە "عوزراش" ڕووخساری بریندار دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە بەهاری ساڵی ٦٣ "بەختیار نەسری" برای دایە "عوزرا" سەر بە هێزی "شەریفزادە" شەهید بووە.
دایە "عوزرا" لە ژیانیدا بە هەر شێوەیەک بۆی کرابێت پشتیوانیی لە پێشمەرگە کردووە و هەتا دواساتەکانی ژیانی پاڵپشت و لایەنگریی لە حیزبی دێموکرات و پێشمەرگە کردووە.
لەو پشتیوانییانەیدا بە دەیان جار بە دەستی خۆی گۆرەوی و پوزەوانە و دەستەوانەی بۆ چنیون و کێو بە کێو بۆی ناردوون.
تەرمی دایە "عوزرا" لەنێو ئاپۆڕای خەڵک و لە گۆڕستانی "بەهەشتی محەممەدیـ"ـیـ شاری "سنە" بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.