ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە "مریەم بامرۆوەت" دایکی شەهیدێکی ڕێگای ئازادی بە ناوی "مەحموودئاغا مەحموودتاش" و هەروەها خوشکی سێ شەهید، خەڵکی گوندی "سینگان" سەر بە شنۆ، دوای تەمەنێکی پڕ سەرەوری ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە مریەم، ژنێکی بە ورە، نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و هەمیشە شانازیی بەوە دەکرد کە خاوەن ٤ شەهیدی ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستانە.
شەهید "مەحموودئاغا مەحموودتاش"، کوڕی دایە مریەم، ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە نەغەدە لەدایک بووە.
ناوبراو دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و لە مەتەرێزی خەبات بۆ خاک و گەلەکەیدا، چالاکانە خەباتی کردووە.
دەرەنجام شەهید "مەحموودئاغا" لە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوەی ١٣٦٢ی هەتاوی لە تێکهەڵچوونێکدا دژی هێزە دژی گەلییەکانی ئێران لە شوێنێک بە ناوی "چارشێو بەسەر"، تێکەل بە کاروانی شەهیدان بوو. گڵکۆی ناوبراو لە "دای ماوێـ"ـیە.
هەروەها دایە مریەم خوشکی سێ شەهید بە ناوەکانی "مامەند، زورار و بەهمەن بامرۆوەتـ"ـە.
شەهید "مامەند بامرۆوەت"، لە شنۆ لەدایک بووە. ناوبراو ئەندامی حیزبی دێموکرات بووە کە لە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٦١ی هەتاوی بەهۆی تەقینەوەی مین، شەهید بووە.
شەهید "زورار بامرۆوەت"، ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی لە گوندی "ئەندێزێ" سەر بە پیرانشار لەدایک بووە.
ناوبراو دوای پەیوەستبوونی بە حیزبی دێموکرات، دەرەنجام لە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٦١ی هەتاوی لە تێکهەڵچوونێکدا دژی ڕێژیمی ئێران لە شوێنێک بە ناوی "قەڵاتە ڕەشێ" شەهید بووە. گڵکۆی ناوبراو لە "چاکی گوڵانی بەری مێرگانـ"ـە.
هەروەها شەهید "بەهمەن بامرۆوەت"، لەدایکبووی ١٣٤٤ی هەتاوی لە "نەڵوسـ"ـە کە دوای لەشانکردنی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی و بەڕێوەبردنی ئەرکە حیزبییەکانی، دەرەنجام لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەری ١٣٦٢ی هەتاوی لە تێکهەڵچوونێکدا دژی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە شوێنێک بە ناوی "هۆمەلی سەردەشت"، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.
دایە مریەم هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ئاواتی هەڵاتنی خۆڕی ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی ناوبراو لە گوندی سینگان بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەمالە و کەسوکاری دایە "مریەم" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.