کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "مەنیجە حەسەنپوور" دایکی شەهید "بایەزید جەهانبەخش" لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد

10:29 - 27 سەرماوەز 2720

ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە "مەنیجە حەسەنپوور" دایکی شەهید "بایەزید جەهانبەخش" و خەڵکی مەهاباد، دوای تەمەنێکی پڕ لە شانازی ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "مەنیجە" ژنێکی نیشتمانپەروەر بووە و هەمیشە سەربەرز بوو کە جگەرگۆشەیەکی گیانی لە ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستان فیدا کردووە.

شەهید "بایەزید جەهانبەخش" ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە گوندی "کۆلیج" لەدایک بووە. دوای پەیوەستبوونی بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەرکە حیزبییەکانی چالاکانە بەڕێوە بردووە.

دەرەنجام شەهید "بایەزید" لە ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانانی ١٣٥٩ی هەتاوی، لە شەڕ و دەرگیرییەکدا دژی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی هەوشار و لە گوندی "نەوی‌کەنی" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو. گڵکۆی ناوبراو بێسەروشوێنە.

دایە "مەنیجە" هەتا دواهەناسە بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "مەنیجە" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.