ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە "مەنیژە بنوو"، کچی مام "عەلی بنوو"، دایکی شەهید "ڕەحیم خزرنژاد" و خەڵکی گوندی "گردەسوور" سەر بە پیرانشار، دوای تەمەنێک پڕ لە شانازی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە مەنیژە، ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و جگەرگۆشەیەکی گیانی لە ڕێگای ئازادیی کوردستان بەخت کردووە.
شەهید "ڕەحیم خزرنژاد" ناسراو بە "ڕەحیم سێڵوێیی"، ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی لە گوندی "سێڵوێـ"ـی پیرانشار لەدایک بووە.
ناوبراو دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و بۆ بەرگری لە خاک و گەل چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە.
شەهید ڕەحیم لە مەترێزی خەباتدا لە هێزی "قەندیل" سازمان درا و لە پلەی تەشکیلاتی وەکوو سەرپەل ئازایانە و بوێرانە پێئەسپێردراوە حیزبییەکانی بەڕێوە بردووە.
دەرەنجام شەهید ڕەحیم، لە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕی ١٣٦٩ی هەتاوی، بەهۆی تۆپبارانەوە لەلایەن هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شوێنێک بە ناوی "دۆڵێ پردانان"، تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتان بوو. گڵکۆی ناوبراو بێسەروشوێنە.
دایە مەنیژە هەتا دواهەناسەی ژیانی بە ڕێگا و ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی وەفادار مایەوە و سەربەرزانە ژیا. تەرمی ناوبراو لە گوندی "گردەسوور"، بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە مەنیژە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.