ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی دایە "ڕوبابە باباخانیی کوردستانی" دایکی شەهید "فەرەیدوون حوسێنی" و خەڵکی شارۆچکەی "شاهۆ" سەر بە ڕوانسەر، دوای تەمەنێکی سەربەرزانە لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە ماڵاوایی لە نیشتمانەکەی کرد.
دایە "ڕوبابە" کچی "ئاغابەیگی باباخانیی کوردستانی"، ژنێکی حیزبدۆست و نیشتمانپەروەر بووە و هەمیشە شانازیی بە ڕۆڵە شەهیدەکەیەوە دەکرد کە گیانی خۆی لە ڕێگای ئازادیی کوردستان فیدا کردووە.
شەهید "فەرەیدوون حوسێنی" ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی لە جوانڕۆ لەدایک بووە. دوای پەیوەستبوونی بە ڕیزەکانی خەبات، لە پلەی تەشکیلاتی وەکوو کادری دەرەجە چوار ئەرکە حیزبییەکانی بوێرانە بەڕێوە بردووە.
دەرەنجام شەهید "فەرەیدوون" لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ١٣٦٠ی هەتاوی، لە دەرگیرییەکدا دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شوێنێک بە ناوی "شاهینی" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو. گڵکۆی ناوبراو لە گوندی "تەنگیوەر"ی کامیارانە.
دایە "ڕوبابە" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ئاواتی وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "ڕوبابە" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.