کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە گوڵستان ئوستادی دایکی شەهیدێکی کوردستان لە سنە کۆچی دوایی کرد

12:57 - 11 بانەمەڕ 2721

ڕێکەوتی ٩ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە "گوڵستان ئوستادی"، دایکی شەهید "ئیبراهیم ئەحمەدی"، خەڵکی سنە، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "گوڵستان" ژنێکی نیشتمانپەروەر بووە و هەمیشە شانازی دەکرد کە جگەرگۆشەیەکی گیانی خۆی لە ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستان بەخت کردووە.

شەهید "ئیبراهیم ئەحمەدی"، ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی لە گوندی "ئارەنان" لەدایک بووە.

دوای پەیوەستبوونی بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بۆ بەرگری لە خاک و گەلەکەی، چەکی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە و لە پلەی تەشکیلاتی وەکوو "جێگر هێز" خەبات و تێکۆشانی هەبووە.

دەرەنجام شەهید "ئیبراهیم"، لە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ١٣٦٥ی هەتاوی لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا لە گوندی"ڕەزاو" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو. گڵکۆی ناوبراو لە گوندی "کەڕاوا"ی مەریوانە.

دایە "گوڵستان" هەتا دواهەناسە، بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدانی کوردستان ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "گوڵستان"،  دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.