کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دراو و سکەی زێڕ دیسان نرخیان بەرز بووەوە

13:36 - 9 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: نرخی دراو و سکەی زێڕ لە ئێراندا بەرز بوونەوە و لە نوێترین حاڵەتدا پلەی گرانیان تۆمار کرد.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کە هەر دۆلارێکی ئامریکا بە ١٤ هەزار و ١٥٠ تمەن مامڵەی پێ دەکرێت و هەر یۆرۆیش بە ١٦ هەزار تمەن مامەڵەی پێ کراوە.

هاوکات نرخی سکەی زێڕیش لە بازاڕەکانی ئێراندا بەرز بووەتەوە و نرخی ٥ میلیۆن تمەنی بەزاند.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ئەگەرچی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، هەڵسوکەوتی توند و ئەمنییەتیان بۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕ گرتووەتە بەر و پێشیان بە مامەڵەی ئازادی ئەرز گرت، بەڵام دوای پەسەندکردنەوەی خولی دووهەمی گەمارۆوە ئابوورییەکان دیسانەوە نرخی دۆلار بەرز بوویەوە.

کارناسانی ئابووری بەگشتی، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و بێبایەخبوونی تمەن بە کاریگەریی گەمارۆوەکانی ئامریکا دەزانن و ڕێژیمیش کە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی نییە، ناتوانێت بازاڕی ئەرز کۆنتڕۆڵ بکات و لە درێژەی ئەمساڵدا دەیان جار بازاڕی ئەرزی ئێران تووشی هەڵکشان و داکشان بووە.

بەرپرسانی ڕێژیم بەتایبەتی بانکی ناوەندی ئێران، بە بەردەوامی دروشمی ئەوە دەدەن، کە بازاڕی ئەرز لە کۆنتڕۆڵیانە و بەرنامەی تایبەتیان هەیە بۆ پڕبایەخکردنی تمەن لە ئێراندا، بەڵام لە بازاڕدا دەبینرێت، نەتەنیا لە کۆنتڕۆڵیاندا نییە، بەڵکوو هیچ بەرنامەیەکیشیان بۆ چارەسەریی قەیرانی ئەرز نییە.

پاش دووپاتبوونەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئابووریی ئێران تووشی قەیران بووە و ڕێژیم گوشارەکانی خستووەتە سەر خەڵک و بە هەموو شێوەیەک خەڵکی ئێران قوربانیی سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا دەکات.