کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دروستکردنی فڕۆکەخانە نوێیەکانی ئێران هەتا ٢٥ ساڵی داهاتوو درا بە چین و ڕووسیە

17:31 - 12 رێبەندان 2721

ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، "سیاوەش ئەمیرموکری" بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی فڕۆکەخانەکانی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە ئەو ڕێژیمە لەگەڵ "چین و ڕووسیە" دانیشتنی هەبووە و لەو دانیشتنەدا وا دیاری کراوە کە چیدی کەرتی دروستکردنی فڕۆکەخانەکان بدرێت بە ئەو دوو وڵاتە.

"موکری" پێشتر وتبووی: "هەرچەند داخوازی بۆ دروستکردنی فڕۆکەخانەی نوێ زۆرە، بەڵام ئێمە لە بەرامبەر ئەو داخوازییەدا خۆڕاگری دەکەین"؛ بەڵام ناوبراو لە ئێستادا ئیدعای کردووە کە ئێران لە داهاتوودا پێویستی بە فڕۆکەخانەی نوێ و نێودەڵەتی و ستاندارد هەیە.

بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی فڕۆکەخانەکانی ڕێژیمی ئێران، لە درێژەدا وتی: "پرۆژەی دروستکردنی فڕۆکەخانە نوێیەکان پەیوەندیی بە ٢٠ هەتا ٢٥ ساڵی داهاتووەوە هەیە".

جگە لە پێدانی ئەو پوانە، هەتا ٢٥ ساڵی داهاتوو لە زۆربەی بوارەکاندا بڕیارە پوانی دیکەش بە ئەو دوو وڵاتە بدرێن.

سەرەڕای گرێبەستی ٢٥ ساڵەی نێوان ڕێژیمی ئێران و "چین" کە چاوەدێرانی سیاسی بە "فرۆشتنی ئێران بە چینـ"ـی ناو لێ دەبەن، بە هاوشێوەی پەیماننامەی "تورکەمنچای" دەزانن و ڕەخنە زۆری لەلایەن خەڵکی ئێران لێ گیراوە، پێشنووسێکی ٢٠ ساڵەش بۆ بەڵگەی هاوکاری لەگەڵ"ڕووسیە" ئامادە کراوە.

ئەو بەڵگەنامەیە لە سەفەری چەند حەوتووی پێشووی "ئیبراهیم ڕەئیسیـ"ـدا ڕادەستی ڕووسیە کراوە.