کوردستان میدیا: تێکۆشەرانی دێموکرات لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە بەرەبەری ٢٦ی خەرمانان، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە دەبەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٥مین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بە دەستی تێرۆریستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، پۆستێر و تراکتی تایبەت بەو ڕۆژە بڵاو دەکەنەوە.
لە شاری کامیاران ڕێبورانی ڕێگای دێموکرات، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە و بە نووسینی دروشمی تایبەت پشتیوانیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دووپات کردووەتەوە.
تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری مەهاباد، بە بۆنەی ٢٥مین ساڵڕۆژی شەهیدانی بێرلین لە شوێنەکانی وەک قوتابخانەی حاجی "عەبدوڵڵا حەسەنزاده، مزگەوتی باغی شایگان، مزگەوتی عومەری فاروق، بەری مەدرەسه، مەدرەسەی ئیسماعیل، شایگان، مزگەوتی بیلالی حەبەشی و پارکی باغی شایگان" تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردووەتەوە.
هاوکات لە شاری بۆکان ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە گوندی " حەسارە و قازینا" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.