کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دروشمی کەنداوی عەرەبی لە ستادیومی وەرزشیی تەورێز بەرز کرایەوە

16:13 - 5 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: ئازەرییەکانی شاری تەورێز لە ستادیۆمی وەرزشیی ئەو شارە، دروشمی کەنداوی عەرەبیان دژ بە فارسەکان بەرز کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هاووڵاتییانی ئازەری زمانی شاری تەورێز ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، پێش دەستپێکی یاریی نێوان دوو تیمی تەراکتۆرسازی و سیاە جامگانی مەشهەد لە یاریگای خومەینی دروشمی کەنداوی عەرەبیان (خلیج عرب)یان بەرز کردەوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی بەرینی فارسەکانی لێ‏کەوتووەتەوە.

فارسەکان، ئەو هاووڵاتییە ئازەرییانەیان بە ڕەگەزپەرست و ئەو تەماشاوانەیان بە گۆپاڵ بەدەستی ڕۆژئاوا و پیادەنیزامی عەرەبستان و ئیسرائیل ناودێر کردووە.

ئەو کارەی تورکەکان لە تەورێز دوای ئەوە دەکرێت کە ماوەیەک لەمەوبەر فارسەکان لە بەرنامەی فتلیەدا بێ‌ڕێزیان بە نەتەوەی تورک لە ئێراندا کردبوو و ئەوەش ناڕەزایەتیی و ڕێپێوانی ناڕەزایەتیی تورکەکانی لێکەوەتووەتەوە و چەندین هاووڵاتیی تورکیش لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون و بریندار کراون.

بێ‌ڕێزی فارسەکان لە سیستمی بە ناو دەنگ و ڕەنگدا بە نەتەوەکانی ئێران بۆ چەندەمین جارە کە ئەنجام دەدرێت و ئەوەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی غەیرە فارسی لێ‏کەوتووەتەوە.