کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درۆ و پیلانەکانی بەناو هەڵبژاردنەکان، یەک بە یەک ئاشکرا دەبن

12:09 - 2 پووشپەڕ 2721

بەپێی راگەیاندنی زۆرینەی فەرمانبەران و بەرپرسانی سندووقەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگای ورمێ بەتایبەتی شارەکانی مەهاباد، بۆکان، شنۆ، پیرانشار و سەردەشت سەبارت بە شانۆی هەڵبژاردنەکان، دەرکەوتووە کە فەرمانداریی تەواوی شارەکان بەو بەرپرسانەیان وتووە کە ئێوە ژمارەی دەنگەکان هەر چەندێک بوو بە ٤ بەرابەری ڕابگەیەنن و تەواوی فۆرمەکانی وەزارەتی نێوخۆش هەر بەو شێوەیە پڕ بکەنەوە.

ئەو جۆرەی کە شایەتحاڵانی ئەو کارە ناحەز و دژە وشیاریی خەڵکە ڕایانگەیاندووە، زۆرترین دەنگی کەسی یەکەمی هیچ یەک لە شارەکان نەگەیشتووەتە هەزار دەنگ.

حەوتوویەک پێش هەڵبژاردن لە ورمێ شۆرای دابینکردن لەسەر تەوەری هەڵبژاردن کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە بردووە و لەو کۆبوونەوەیەدا سەرجەم فەرمانداران و بەرپرسانی ئیتلاعاتی سپا و گشت هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکان وتوویانە، بە هیچ شێوەیەک خەڵک بەشدار نابن و دەبێ ئاماری درۆ بڵاو بکەینەوە.

هەروەها پارێزگار و بەرپرسی گشتیی ئیدارەی ئیتلاعات ئاشکرایان کردووە کە شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم بە نهێنی پیێ ڕاگەیاندوون کە ژمارەی دەنگەکان بۆ ٤٥ هەتا ٥٠ لەسەد بەرز بکەنەوە و پارێزگار بە پێکەنینەوە وتوویەتی زەربی ۴ی بکەن.

بۆ جارێکی دیکە دەرکەوت کە ئەم ڕێژیمە بۆ ساختەکاریی خۆی ،لە هیچ کار و پیلانێکی دژە مرۆییانە دەست هەڵناگرێت.