کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درۆ و چەواشەکارییەکانی "ڕووحانی" کۆتایی پێ نایەت

13:58 - 25 پووشپەڕ 2720

لە کۆبوونەوەیەکی دەوڵەتدا "ڕووحانی" بۆ خۆڵ لەچاوکردنی خەڵکی ئێران دەستی کردووە بە درۆ و چەواشەکاری و دەوڵەتی خۆی بە دەوڵەتێکی سەرکەوتوو و ئەرێنی ناو لێ بردووە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، "ڕووحانی" سەرکۆماریی ڕێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەی دەوڵەتدا وتوویەتی: "کارنامەی ساڵی ٩٨ی ئێمە نیشانی داوە سەرەڕای کەمکردنی هەڵاوسان، توانیومانە ئابووریمان بەبێ بوونی نەوت گەشە پێ بدەین".

ڕووحانی وتوویەتی: "ئێمە لە ساڵی ٩٨دا توانیمان کارخانەی پیشەسازی، کشتوکاڵ و ئابووریی وڵات بە ڕادەیەکی بەرچاو گەشە پێ بدەین و لەو بوارانەدا سەرکەوتن بەدەست بێنین".

هەروەها سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت کۆرۆنا ڕایگەیاندووە: "ئێمە وەک کاربەدەستانی دەوڵەت لە کۆتاییەکانی ساڵی ٩٨دا توانیمان بەسەر کۆرۆنادا سەر بکەوین و بە شێوەیەکی بەرچاو کۆنترۆڵی بکەین".

 ئەم قسانەی "ڕووحانی" لە کاتێکدایە کە قەیرانی ئابووری، دوابەدوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و گەڕانەوەی بەشێک لە گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامی و هەروەها بەڕێوەبەریی ناکارامە و ناکارناسانە لە بیاڤی ئابووری، بەشێک لە کۆمپانیا و سەرمایەدانەرە گەورەکان وازیان لە بازاڕەکانی ئێران هێنا و جیا لە هاتنەئارای گرانی و مایەپووچبوونی وەبەرهێنەرە نێوخۆیییەکان و بێکاریی زیاتر، هەڵاوسانی سەرسووڕهێنەریش یەخەی ئابووریی ئێرانی گرتووە.

دابەزینی بەهای ڕیاڵ لە بەرانبەر دۆلار، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکاری گرانبوونی نرخی خۆراک لە ئێراندا لەقەڵەم دەدرێت و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ڕیاڵ هەشتاد لەسەد لە بەرامبەر دۆلاردا بەهای خۆی لەدەست داوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران بەنیسبەت کۆرۆناوە هیچ کردەوە و هەوڵێکی ئەرێنیی لە خۆی نیشان نەداوە و ئاماری ڕۆژانەی  قوربانییان و تووشبووان نیشان دەدات کە دەوڵەتی "ڕووحانی" نەک هەر سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو خۆی ڕێخۆشکەر بووە بۆ زیاتر تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا.

قسەکانی "ڕووحانی" لەوپەڕی درۆ و چەواشەکاریدایە و تەنیا مەبەستی لەو کارانە خۆڵ لە چاوی خەڵک کردنە و خەڵکی ئێران لە ئێستادا لە خراپترین بارودۆخی ژیاندان کە هەواڵی ڕۆژانەی ئێران لەسەر خراپیی دۆخی ژیان دەرخەری ئەو ڕاستییەن.