کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درۆ و چەواشەکارییەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوامە

13:42 - 22 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران لە چەواشەکارییەکدا وێنە و ویدیۆیەکی لە تۆپبارانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بڵاو کردووەتەوە کە دوور لە ڕاستییە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بە ھێنانی چەکوچۆڵ بۆ شارەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵات و سنوورەکانی نێوان ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستان، ئامادەکاری دەکات ھەموو ساڵێک زەرەر و زیان بە ژینگە و کشتوکاڵی خەڵکی کوردستان لە ھەر دوو بەشی کوردستان بدات.
ڕێژیمی ئێران لە ساڵانی ڕابردووشدا بە بیانووی جۆراوجۆر، تۆپبارانی سنوورەکانی ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستانی کردووە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بههۆی تۆپبارانی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بێجگە لە شەھیدکردنی خاتوونێک و بریندارکردنی چەند کەس، نەیتوانی بە ئـامانجەکانی بگات و لە ڕێگای فیلم و وێنەی کۆن کەوتە بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە بۆ چەواشەکردنی بیروڕای گشتی و بە تایبەت بۆ فریودانی خودی سەرانی کۆماری ئـیسلامیی ئـێران.
سپای تیرۆریستی پاسداران بە کەڵک وەرگرتن لە وێنەی تۆپباران و مووشەکبارانی ساڵی پێشوو، بە درۆ باس لە کوژران و بریندارکرانی چەندین پێشمەرگە دەکات کە دوور لە ڕاستییە و هێزی پێشمەرگە تووشی هیچ زیانێک نەبووە.