کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درۆوەکانی بەرپرسانی ڕێژیم درێژەی هەیە

11:00 - 15 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بەرانبەر داواکاریی مامۆستایانی مانگرتوودا بە کۆمەڵێک درۆی نوێ وڵامدەر بوو.

دوای بەڕێوەچوونی سێهەمین ڕۆژی مانگرتنی گشتیی مامۆستایان لە کوردستان و ئێراندا، کە بە داوای بانگەوازیی شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران بەڕێوە چوو، سەرەنجام وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان وەدەنگ هات.

"ڕزوان حەکیمزادە"، جێگری وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران، لە سێهەمین ڕۆژی مانگرتنی مامۆستایاندا، ڕۆژی ١٤ی ڕەشەمە، وتوویەتی: "ئەم وەزارەتخانەیه هەرچی لە توانایدا بووە بۆ مامۆستایانی جێبەجێ کردووە و شەرمەزاری مامۆستایانە و مانگرتنەکان بەرتەسک بووە و جێی نیگەرانی نین".

هەروەها "ئەمیرعەلی نعمەتوڵڵاهی" جێگری پەروەردە و بارهێنان، مانگرتنەکانی مامۆستایانی بردووەتە ژێر پرسیار و وتوویەتی: "ئەم مانگرتنانە زۆر بەرینیش نەبووە و بگرە بەرتەسکیش بوون، لە ڕاستیدا ڕێژەیەکی کەم لە قوتابخانە و فێرگەکان لە هەندێک لە پارێزگاکاندا مانیان گرتووە و ئەگەر بارودۆخەکە جیددی بوایه ئەمن نەدەبوو لە ژوورەکەی خۆم مابامەوە، ئاشکرا بڵێم لە هەندێک لە پارێزگاکاندا تەنانەت یەک نموونە مانگرتنیش نابینرێت و مەرج نییە کە ئەو وێنانە کە بڵاو دەبنەوە تایبەتی بەو پارێزگایانە بن و ڕەنگە چەواشەکاری بن".

ئەم قسانەی نعمەتوڵڵاهی لە کاتێکدایە، کە تەنیا لە کرماشان ٩٥ قوتابخانە و لە شاری سەقز ٥٠ قوتابخانە مانیان گرتووە.

مامۆستایانی مانگرتوو لە وڵامی قسەکانی "نعمەتوڵڵاهیـ"ـدا وتوویانە: "وەزارەتخانە و وەزیر و جێگری بێ کیفایەت شارەزایانی چەواشەکاری و درۆکردنن و لە هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و درۆکردندا خاوەن مێژوویەکی تۆمارکراون. ئەگەر مانگرتنی قوتابخانەکان بەرتەسکن، بۆچی حەراسەتی ئیدارە گشتییەکانی ڕێژیم بەسیج کراون و هەڕەشە لە مامۆستایانی مانگرتوو دەکەن؟ ئەگەر ئەو مامۆستا بێ کیفایەتانە درۆ ناکەن با سەردانی هەمەدان، کرماشان، کەرەج، مەریوان، شیراز، سنە، جڵفا، ئەلیگوودەرز، سەقز و ئیسفەهان و هتد بکەن، هەتا بزانن مانگرتنەکان بەرتەسک بە چەند قوتابخانە بووە؟ جێگری وەزیر بۆیە لە ژوورەکەی دەرناکەوێت چون دەترسێ لەگەڵ مامۆستایان بەرەوڕوو ببێتەوە".

لە دوای قسەکانی نعمەتوڵڵاهی وێنەی مامۆستایانی مانگرتوو بە نووسینی "وەزیری بێ کیفایەت دیسان بڵێ وێنەکان فتۆشاپە" لە کاناڵە جۆراوجۆرەکان بڵاو بوونەوە.

بارودۆخی نالەباری قوتابخانەکان و مامۆستایان و هەروه‌ها وەدواکەوتنی مووچەی مامۆستایان و سیستمی سەقەتی پەروەردە و بارهێنان لە ئیراندا هۆکارگەلێکن بۆ ناڕەزایەتیدەربڕینی مامۆستایان لە سەرتاسەری ئێراندا و هەبوونی داواکاریگەلێک وەک: "خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی، ئازادیی زندانییانی سیاسی، نە بۆ خسوسی سازیی قوتابخانەکان و..." دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بە شێوەی مانگرتنێکی سێ ڕۆژە بەرز کردەوە.