کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درۆوەکانی بەرپرسانی ڕێژیم لە بارەی کرماشانەوە کۆتایی نایە

15:57 - 9 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم بە درۆ و بەڵێنی پووچەڵ و بەتاڵ هیوای بەبێ ئەنجام دەخەنە دڵی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوەوە.

"هووشەنگ بازوەند"، پارێزگاری کرماشان، لە وتووێژێکدا باسی لە گەشەی ٩٢ لەسەدی، نۆژەنکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی بوومەلەرزەی کرماشان کرد و ئەمە لە حاڵێکدایە، کە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵ و نیوێک لە بوومەلەرزەی کرماشان و دووپاتبوونەوەی چەندین جارەی بوومەلەرزەکان، خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو هەنووکەش لە نێو کانێکس و خێوەتدا ژیان بەسەر دەبەن.

خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان و ناوچەکانی دەوروبەری، جگە لە داڕمانی ماڵەکانییان، تووشی داڕمانی ڕۆحیش هاتوون و ڕۆژانە لەگەڵ کۆمەڵێک نەخۆشیی جەستەی و ڕۆحی و کێشەی کۆمەڵایەتی لە شەڕدان و بەرپرسانی حکوومەتی هیچ ئاوڕێکی جیددی لەو دۆخە نادەنەوە و بە بەڵێن و وادەی دڵخۆشکەر و بەدی نەهێنانیان خوێ بە برینی خەڵکدا دەکەن.

تێپەڕکردنی ژیانی پڕدەردی نێو خێوەتەکان لە کرماشاندا لە کاتێکدایە، کە ڕێژیمی ئێران بڕیاری داوە لە سووریە ٢٠٠ هەزار خانوبەرە بۆ خەڵک دروست بکات.