کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی مانگرتنی شۆفێری ماشینە بارهەڵگرەکان

13:05 - 7 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: مانگرتنی شۆفێری ماشینە بارهەڵگرەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا، شەشەمین ڕۆژی خۆی تێپەڕاند.

مانگرتووان کە بە هۆی گرانبوونی شتومەکی ماشینە بارهەڵگرەکان و حەقی کۆمسیۆنی لەڕادەبەدەری باربەرییەکان، دەستیان دابووە مانگرتن، سەرەڕای زیادکردنی ٢٠ لەسەدیی کرێ بارەکان لە لایەن ڕێژیمەوە، درێژەیان بە مانگرتنەکانیان دا و ڕایان گەیاندووە، هەتا ڕێژیم بە هەموو داخوازییەکانیان وڵام نەداتەوە، دەسهەڵگری داواکاری و ناڕەزایەتییەکانیان نابن.

لە درێژەی مانگرتنەکان، شۆفێرانی دەروازە سنوورییەکانی مێهران، باشماخ و هەروەها شارەکانی خوڕەمشار و ئابادانیش پەیوەست بەم مانگرتنانە بوون.

ئەم مانگرتنە کە لە ڕۆژی سێشەممە ١ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوییەوە دەستی پێ کردووە، بە هۆی دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران و زیادکردنی ئابڵۆقە ئابوورییەکان لە لایەن ئامریکاوە سەریان هەڵداوە، کە لەسەر نرخی شتومەکی ماشینە بارهەڵگرەکان و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو پیشەیە کاریگەریی نەرێنی داناوە.

مانگرتنەکان لە سەرەتا لە پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی، هورموزگان، فارس، لوڕستان، کرمان، ئیسفەهان و قەزوین دەستی پێ کرد، بەڵام دواتر چەندین شار و پارێزگای دیکە، بەتایبەت شارە کوردنشینەکانی پێ زیاد بوو.

بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتی بنبڕ کردنی کێشە و گرفتەکانی خەڵک، پەیتاپەیتا وەکوو نەریتی هەمیشەیییان، هەڕەشە لە خەڵک دەکەن و هۆشداری دەدەن، کە لە ئەگەری بەردەوامیی لە ناڕەزایەتییەکان لەگەڵ سزا و توندوتیژیی هێزە بەناو ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو دەبنەوە.

لەم پێوەندییەدا وتەبێژی دەزگای بەناو قەزاییی ڕێژیم، موحسێنیی ئێزەیی، ڕۆژی یەکشەممە لە پرێسکۆنفڕانسێکدا، وەکوو هەمیشە وێڕای تێوەگلاندنی ئامریکا و ئیسرائیل لە دوایین ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، هۆشداری بە ناڕازییان داوە، کە دەست لە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانیان هەڵبگرن، دەنا لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی هێزە بەناو ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو دەبنەوە.

شایانی باسە، بە هۆی مانگرتنی کامیونداران لە ئێران و کوردستاندا، سووتەمەنی ماشینەکان بەتایبەت بەنزین کەم بووەتەوە و سەفەکان بۆ دابینکردنی بەنزین و سووتەمەنی، کێشەی بۆ خەڵک ساز کردووە.