کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی کار و چالاکیی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە بەرەبەری ٢٦ی خەرمانان‌دا

17:34 - 24 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: چالاکیی تەبلیغیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و گوندەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە بۆنەی ساڵیادی کارەساتی میکۆنووسەوە درێژەی هەیە.

به پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە بەرەبەری ٢٢ـەمین ساڵیادی تیرۆری میکۆنووس، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەرینی تەبلیغی، یادی شەهیدانی ئەو کارەساتەیان بەرز راگرت.

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و گوندەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە بڵاوکردنەوە پووستێر و وێنەی تایبەت و هەروەها نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوە سی‌دی یادی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانییان بەرز راگرت و بەو شێوەیە نەفرەتی خۆیانیان لە تیرۆریزمی دەوڵەتیی رێژیمی ئێران دەربڕی.

ئەو شوێنانەی کە تێیاندا چالاکی تەبلیغی بەڕیوەچووە بریتین لە:


گوندی نێ

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی نێی سەر بەشاری مەریوان، بە بڵاوکردنەوەی پووستێر و وێنەی تایبەت بە ٢٦ی خەرمانان لە فەلەکەی دوکتور قاسملوو، یادی دوکتور شەرەفکەندی و شەهیدانی کارەساتی میکۆنووسیان بەرز راگرت.

هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە چیای شەڕگای گوندی نێ، ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد و بە بۆنەی تیرۆری میکۆنووس لە رێوڕەسمێکی بەشکۆدا نەفرەتیان لە تیرۆریزمی دەوڵەتیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد.

بۆکان

لە رێکەوتی ٢٢ و ٢٣ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکان بە بەڕیوەبردنی چالاکیی تەبلیغی بە بڵاو کردنەوەی پووستێر و وێنەی تایبەت بە تیرۆری میکۆنووس، یادی شەهیدانی میکۆنووسیان بەر راگرت و بەو شێوەیە تیرۆریزمی دەوڵەتیی رێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.

کتێبخانەی مامۆستا حەقێقی، مەکۆی هونەریی لە پارکی میلەت، بلواری میاندواو لە سێ‌ڕێیانی نەغدالی تا فەلەکەی عەلیاباد، بلواری دوکتور قاسملوو، دوروبەری فەرماندەری هیزی ئینتیزامی و ئیدارەی ئیتلاعات و دادگوستەری، کۆڵانەکانی ئەبووزەر، جادەی حەسار، تەرەبار و بلواری مامۆستا هەژار ئەو شوێنانەی شاری بۆکانن کە تێیاندا چالاکی تەبلیغی بەڕێوەچوو.

دیواندەرە

بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ساڵیادی تیرۆری میکۆنووس، ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە چالاکیی تەبلیغی یادی شەهیدانی ئەو کارەساتەیان بەرز راگرت.

شەقامی ساحیلی، شەقامی ١٦ میتری، شەقامەکانی دەوروبەری مزگەوتی چوارباخ و مزگەوتی جامیع، پارکی ٢٢ی گوڵان، شەقامی ئازادگان و شارەکی ئەندێشە لەو شوێنانەن کە بە بڵاوکردنەوە پووستێر و وێنەی تایبەت، چالاکیی تەبلیغییان تێدا بەڕێوەچووە.

کامیاران

رێبوارانی ڕیگای شەهیدان و رێڕەوانی رێبازی دێموکرات لە شاری کامیاران بۆ دووهەمین جار و لەشەوی پێنج‌شەممە لەسەر هەینی رێکەوتی ٢٠ لەسەر ٢١ی خەرمانان بە بەڕیوەبردنی چالاکیی تبلیغی، یادی شەهیدانی تیرۆری میکۆنووسیان بەرز راگرت.

جادەی شێروانه، کامیارانە کۆن، چاڵ خەڕاتگەل و پشت قوتابخانەی رەجایی قەدیم لەو شوێنانەی شاری کامیارنن کە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوە پووستێر و وێنەی تایبەت، تیرۆریزمی دەوڵەتیی رێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.
هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشتر و لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا لە شارەکانی کامیاران و مەهابادی بە بەڕیوەبردنی چالاکیی تەبلیغی یادی شەهیدانی میکۆنووسیان بەرز راگرت و بە شێوەیە نەفرەت و بێزاریی خۆیان لە تیرۆریزمی دەوڵەتیی رێژیمی ئێران دەربرێ.