کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دزی و گەندەڵکارییەکانی ڕێژیم کەوتوونەتە بوارێکی نوێ

18:03 - 21 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ، لە درێژەی تاڵانکارییەکانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، پاسگای "بێچانلیانـ"ـی سەر بە شاری "نەغەدە" دەستی بە سەر چەندین سەر مەڕ و ماڵاتی هاوڵاتییەکی گوندی "قەڵاتانـ"ـی ئەم شارە داگرتوە.

ئەم ڕووداوە کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە  لە ئاوایی "ئاڕنێـ"ـی شاری "نەغەدە" هاتووەتە ئاراوە و هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم بە بیانووی ئەوەیکە ئەم مەڕ و ماڵاتانە بۆ وڵاتێکی دیکە دەنێردرێن دەستین بەسەر داگرتوون.

 دوای ئەم ڕووداوە خەڵکی هەر سێ ئاوایی "قەڵاتان"، "دیلانچەرخ" و "ئارنێ" بۆ ئەستاندنەوەی مەڕ و ماڵاتەکان چوونەتە بەر دەرگای ئەم پاسگایە و داوای گەڕاندنەوەی ئەم مەڕ و ماڵاتانەیان بۆ خاوەنەکەیان کردووەتەوە بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام ماونەتەوە.

بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ بژیوی ژیانیان، جیا لە وەرزێڕی کاری چێوداریش دەکەن.

پاسگای "بێچانلیانـ"ـی نەغەدە ئەرکی سەرکوت و دزی ناوەندەکانی ڕێژیمی لە بەشی "سندووسی سەرێـ"ـی شاری "نەغەدە" بەدەستەوەیە و لە دوای گۆڕینی بەرپرسی ئەم پاسگایە لە ماوەکانی ڕابردوودا گوشارەکانی بۆ سەر خەڵکی ئەم دەڤەرە زیاتر لە جارانیش کردووە.