کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دزینی دەکەلەکان بە نرخی گیان لەدەستدان

11:31 - 2 رەزبەر 2720

شەپۆلی گرانییەکان لە کوردستان و ئێراندا چەندین دیاردە و لێکەوتەی نەرێنی لەوانە دزیی بەدواوە بووە و خەڵکی ناچار کردووە بۆ پاروویەک نان بەهەر نرخێک بێت گیانی خۆیانیانی بۆ بخەنە مەترسییەوە.

وتەبێژی پیشەیی کارەبای ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "دزینی دەکەل بە ڕادەیەکی بەرچاو لە زۆربەی شار و پارێزگاکانی ئێراندا زۆر بووە".

ناوبراو باسی لەوە کردووە، دزینی دەکەل بەهۆی کارەباگرتوویەوە هەڕەشەیە بۆ گیانی ئەو کەسانە و خۆیان دەکەنە قوربانی بۆ بەدەستهێنانی پاروویەک نان.

هەروەها بەرپرسێکی ڕێژیم لە شاری "بانە" وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو دیاردەیە لە کوردستان باسی لەوە کردووە کێشە لە دزینی دەکەلەکان نییە تەنیا ئاگایان لە خۆیان بێت تووشی کارەبا گرتوویی نەبن.

پێشتریش بنکە و ناوەندەکانی ڕێژیم لە شاری "سنە" ڕایانگەیاندبوو: "دیاردەی دزیکردن لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا لەنێو ئەو کەسانەدا کە پێشتر دز نەبوونە و دەستیان لەو کارەدا نەبووە، ڕێژەیان زیاتر بووە و ئامارەکان لەوبارەوە جێگای نیگەرانییە".

ئەو بنکە و ناوەندانەی ڕێژیم هەروەها باسیان لەوە کردبوو: "پێشتر ئەگەر لە شوێنێک دزی دەکرا دەمانزانی کە باندێک یان کەسانێکی ناسراو کە پێشتر پێشینەیان هەبووە بکەری ئەو کارە بوونە، بەڵام ئێستا زیاتر ئەو کردەوە لەلایەن کەسانێکەوە دەکرێن کە پێشتر پێشینەیەکیان لەو بوارەوە نەبووە".