کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دزینی کابڵی تەلەفۆن لە پارێزگای کرماشان کێشەی بۆ خەڵک ناوەتەوە

11:03 - 8 رەشەمه 2721

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیسنا"ی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بەرزبوونەوەی ڕێژەی دزینی کابڵی تەلەفۆن لە پارێزگای "کرماشان" بووەتە هۆی ئەوەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر تەلەفۆن و ئینتێرنێتی ئەو پارێزگایە بپچڕێت.

پچڕانی تەلەفۆن و ئینتێرنێتی پارێزگای "کرماشان" بووەتە کێشەیەکی جیددی بۆ خەڵکی ئەو پارێزگایە و گلەیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو هەواڵدەرییەی ڕێژیم، دزینی کابڵ و پچڕانی تەلەفۆن و ئینتێرنێت گەلێک کێشەی بۆ بەکارهێنەران هێناوەتە پێشەوە و قوتابی و خوێندکارانی بۆ خوێندنی ئانلاین و هەروەها ئەو کەسانەی کە کاروکاسبی لە ڕێگەی ئەو هێڵەوە دەکەن لەگەڵ کێشە بەرەوەڕوو کردووەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا "حەمیدڕەزا ئەمیری" سەرپەرستی موخابراتی ناوچەی کرماشان بە "ئیسنا"ی وتووە: "دزینی کابڵی تەلەفۆن لەو پارێزگایە بڕی ٩ میلیارد تمەن زیان بە بەشی پەیوەندییەکان گەیاندووە".

هەژاریی ڕەها و دۆخی نالەباری بژێویی ژیانی خەڵکی کوردستان و ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک پەنا بۆ دزین و دیاردەی دزێوی لەو شێوەیە ببەن. ئەوە لە حاڵێکدایە بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، پارێزگای "کرماشان" سەرەڕای دەوڵەمەندبوون بە سەرچاوە سروشتییەکان یەکێک لە پارێزگا هەژارەکانی کوردستان و ئێرانە.