کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دواخستنی سەفەری هاووڵاتیانی فەرانسە بۆ وڵاتی ئێران

12:36 - 21 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی نائەمنی و نەبوونی بارودۆخی گونجاو و ناسەقامگیربوونی وڵاتی ئێران، فەرانسە هۆشداریی بە هاووڵاتییانی خۆی داوە کە سەفەرەکانیان بۆ ئەو وڵاتە وەدوا بخەن.

وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، لە دوایین هەڵسەنگاندنەکانی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی ئێران، کە ڕۆژی ٢٠ی پووشپەڕ بڵاوی کردەوە، بە هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کە دەیانهەوێت بۆ وڵاتی ئێران سەفەر بکەن هۆشداریی داوە کە بەهۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە ناوچە و نائەمنی و ناسەقامگیربوونی ئەم وڵاتە، سەفەرەکانیان وەدوا بخەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسەدا هاتووە: "هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بە هەموو شێوەیەک لە کاروباری هاووڵاتییانی خۆی و هاووڵاتیانی وڵاتانی تر دەستێوەردان دەکەن، لەم ڕاستایەشدا بەردەوام چاوەدێریی ئەو کەسانە دەکەن کە لەگەڵ هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکە لە پەیوەندیدا بن".

"ژان ‌ئیۆ لۆدریان"، وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرانسە وتوویەتی: "زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە نێوان تاران و واشنتۆن، بووەتە هۆی نیگەرانیی زۆر سەبارەت بە شەڕ و تێکهەڵچوون لە هەموو ناوچەکەدا".

پێشتریش وڵاتانی ئامریکا، بریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە، هاووڵاتییانی خۆیان ئاگادار کردبوویەوە کە لە سەفەر بۆ وڵاتی ئێران خۆببوێرن، ئەمەش بەهۆی ناسەقامگیریی ئەمنی و سیاسی لەم وڵاتەدایە.