کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوازدە کۆمپانیا و کەسایەتی بە هۆی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا سزا دران

13:13 - 24 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی بازرگانیی وڵاتی ئامریکا، ۱۲ کۆمپانیا و کەسایەتیی ۳ وڵاتی بە هۆکاری پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا سزا دا.

ڕۆژی دووشەممە، ۲۳ی بانەمەڕ، بڵاڤۆکی "هیڵـ"ـی کونگرێسی ئامریکا، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە ۱۲ کۆمپانیا و کەسایەتیی ۳ وڵات، بە هۆکاری پێشێلکردنی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئەو ڕێژیمەدا، لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە سزا دران و لە لایەن ئەو وەزارەتەوە گەمارۆیان بە سەردا سەپێندرا.

لە ڕاپۆرتی ئەو بڵاڤۆکەدا، ئاماژە بە شەش کۆمپانیای چین، کۆمپانیایەکی پاکستان و پێنج کەسایەتی وڵاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کراوە، کە لەو ڕێژەیەشدا چوار کۆمپانیای چینی زیاتر تاوانبارن و سزای زۆرتریان بە سەردا سەپێندراوە.

بەپێی ئەوە ڕاپۆرتە، تاوانی ئەو چوار کۆمپانیایە کە ناویان ئاشکرا نەکراوە، ئەوەیە کە کەلوپەلە هەستیار و بەنرخەکانی ئامریکایان بۆ یارمەتیدانی ڕێژیمی ئێران، بۆ دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژ ڕادەستی ڕێژیمی ئێران کردووە و بەردەوام ئەو کەلوپەل و کەرەستانەیان بۆ ئەو ڕێژیمە هەناردە کردووە.

هەروەها دوو کۆمپانیای دیکە، بەوەی تاوانبارە کە کەرەستەی تێکنۆلۆژییە هەستیارەکانی (فناوری حساس) ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکای ڕادەستی ڕێژیمی ئێران و گرووپێکی سەربە سپای خەڵکیی چین (ارتش خلق چین) کردووە.

لەم پەیوەندییەشدا، "ویلبێر ڕاس"، وەزیری بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: "ئیمە هەموو کەس و کۆمپانیا جیهانییەکان لەوە ئاگادار دەکەینەوە، کە دەبێت لە بەرانبەر هەوڵەکانیان بۆ یارمەتیدانی ڕێژیمی ئێران و پاڵپشتیکردن لە دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژیی ڕێژیمی ئێران، وڵامدەر بن".

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەت یەک/دوو ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام ڕایگەیاندووە کە ئەو کەرەستە و کەلوپەلانەی ئامریکا، کە بۆ دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژ و پرۆسەی چەکسازی بەکار دەبرێن و بۆ ڕێژیمی ئێران هەناردە دەکرێن قەدەغەیە و هەر کەس و کۆمپانیایەکیش ئەو یاسایە پێشێل بکات، بێگومان سزا دەدرێت.