کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دواڕەوشی بەرجام و ناڕوونی داهاتووەکەی

16:24 - 24 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ سەر بەرجام لەپاش کشانەوەی تاکلایەنەی ئامریکا لەم ڕێککەوتنە بەردەوام زیاتر دەبن.

مەجلیسی بەناو خیبرەگانی ڕێژیم لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، دەوڵەتی حەسەن ڕوحانی بە لەژێرپێنانی هێڵە سوورە دیاریکراوەکان لەلایەن خامنەییەوە تۆمەتبار کرد و داوای لە ڕوحانی کرد کە داوای لێبووردن بکات.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕ، مەجلیسی بەناو خیبرەگانی ڕێژیم لە ڕاگەیەندراوێکدا بە هێرش کردنە سەر ڕوحانی و تاقمەکەی، ڕایگەیاند: ڕوحانی دەبێ داوای لێبوردن لە خەڵک بکات بەهۆی ئەو خەسارانەی کە بەهۆی بەرجامەوە لە ئێرانیان داوە.

هاوکات ڕوحانی سەبارەت بە داهاتووی بەرجام وتوویەتی: بەمەرجێک لە بەرجامدا دەمێنێتەوە کە لایەنە ئەورووپاییەکان پێبەندی بەڵێنەکانیان بن و بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم گەرەنتی بکەن؛ ئەم قسانەی ناوبراو هاوکات بوو لەگەڵ لێدوانەکانی فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران کە وتوویەتی: بەرجام بواری خۆش کردووە بۆ نەهادینەبوونی گەمارۆکان و پێویستە ئێمە خۆڕاگر بین لە بەرامبەریاندا .

ئەگەرچی لایەنە ئەورووپاییەکان بەردەوام باس لەوە دەکەن کە بەپێچەوانەی ئامریکا لە بەرجامدا دەمێننەوە بەڵام پێویستە ڕێککەوتنێکی "الحاقی" هاوتەراز لەگەڵ بەرجام بێتە کایەوە تاکوو قەیرانی ناوکی ئێران لەوە قووڵتر نەبێتەوە.

تێرێزامەی، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا وێڕای داخوازی بۆ ئازادکردنی زیندانییە دووناسنامەییەکان و مەحکووم کردنی هێرشە مووشەکییەکان دژ بە ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەورووپا لە بەرجامدا دەمێنێتەوە؛ ئەم چەشنە لێدوانانەی بەرپرسانی ئەورووپایی لە کاتێکدان کە بەشێک لە یاساناسانی ئەورووپایی پێیان وایە ئەورووپاییەکان ناتوانن گەرەنتی بەردەوامی بەرجام بدەن چوونکە بەشی هەرە زۆری کۆمپانیا ئەورووپاییەکان کە دەتوانن ئێران لە چنگ دۆخی شپڕێوی ئابووریی ڕزگار بکەن دەکەونە بەر تەحریمەکانی ئامریکاوە.