کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای ئازادکردنی هاتوچووەکان لە ئێران، ئاماری تووشبوون بە کۆرۆنا بەرز بووەتەوە

17:17 - 6 بانەمەڕ 2720

دوای ماوەیەک کە بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کار و پیشەکان و هەروەها هاتوچۆی خەڵک ڕاگیرابوو، ڕێژیمی ئێران سەرلەنوێ لەم چەند ڕۆژەدا ڕێگای دا خەڵک بچنە سەر کارەکانیان؛ بەم هۆیەوە ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە چەندین پارێزگای ئێران بەرز بووەتەوە.

دوای ئەوەی کە هاتوچووەکان لەلایەن ڕێژیمەوە ئازاد ڕاگەیەندران، لە هەندێک لە پارێزگاکان وەکوو: "ورمێ، فارس، سیستان و بەلووچستان، خووزستان و قوم و..."، ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە.

"هادی بەهادۆری"، بەناو نوینەری مەجلیس وتوویەتی کە ڕەوتی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای ورمێ لە هەڵکشاندایە، بە شێوەیەک کە ٨ لەسەدی ئاماری قوربانییانی ئەم نەخۆشییە لە ورمێیە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا پارێزگای ورمێ یەکێک لەو ٥ پارێزگایانەیە کە لە دۆخێکی مەترسیداردایە.

هەروەها نوینەری مەجلیسی ڕێژیم لە سیستان و بەلووچستان وتوویەتی، بەهۆی بەربڵاویی حەشیمەت لەم پارێزگایەدا، ڕیژەی قوربانییان و تووشبووان بەم نەخۆشییە کەم بوو، بەڵام داوی ئەوەی کە کار و هاتوچووەکان دەستیان پێکردەوە، ڕێژەی تووشبووان بەرز بووەتەوە و نیگەرانیی دروست کردووە.   

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران هەتا ڕێکەوتی ٦ی بانەمەڕ، ٨٩ هەزار و ٣٢٨ کەس تووشی ئەم نەخۆشییە بوونە و ٥ هەزار و ٦٥٠ کەس گیانیان لەدەست داوە.

 ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخکەە و هەروەها شاردنەوەی بێکیفایەتیی خۆی لەمەڕ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم پەتایە، ئاماری نادروست بڵاو دەکاتەوە.