کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای ٩ ساڵ لە تێپەڕینی سووتانی قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی شیناوێ، ئەو قوتابخانەیە هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ نەکراوە

12:19 - 15 سەرماوەز 2721

قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی شیناوێ لە پیرانشار کە ٩ ساڵ لەمەوبەر بەهۆی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ۳٦ قوتابیی تێدا سووتان، هەتا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە لەو شارە هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ نەکراوە و قوتابییان لەوپەڕی بێ ئیمکاناتیدا درێژە بە خوێندن دەدەن.

ئەمڕۆ ۱٥ی سەرماوەزی ۱٤۰۰ی هەتاوی ۹ ساڵ لە سووتانی قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی شیناوێ تێدەپەڕێت.

ئەم قوتابخانەیە کە ئێستا بە کچ و کوڕەوە نزیکەی ٦۰۰ قوتابیی قۆناغی سەرەتایی وانەی تێدا دەخوێنن، لەلایەن ڕێژیم و ئیدارەی پەروەردەوە، هەتا ئێستاش کاری بینایی بۆ نەکراوە و نۆژەنیان نەکردووەتەوە، بە جۆرێک کە دەر و دیوار و فەزای فێرکاری هەمان دەر و دیواری پێش ‌ئاگرکەوتنەوەکەن کە ئەوکات نزیکەی ۲۰۰ قوتابیی هەبووە.

ئێستاش هەر بە هەمان فەزا و دوای تێپەڕینی ۹ ساڵ بەسەر ئەم کارەساتەدا و زیادبوونی ٤۰۰ قوتابی، کاربەدەستانی ڕێژیم کارێکی ژێرخانییان بۆ ئەم قوتابخانەیە نەکردووە و وەکوو خۆی ماوەتەوە.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو دایک و بابی قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە و هێندێک لە مامۆستایان کە هیچ هیوایەکیان بە بەرپرسانی ئەو شارە نەماوە، داوایان لە پێشنوێژی هەینیی شیناوێ کردووە کە داوا لە خەڵک بکات یارمەتی بۆ پێداویستییەکانی ئەو قوتابخانەیە وەکوو سیستمی گەرمکەرەوە کۆ بکەنەوە هەتا قوتابییان لە وەرزی سەرمادا تووشی نەخۆشی و ڕووداوی ۹ ساڵی ڕابردوو نەبنەوە.

ئەم قوتابخانەیە بۆ کەرەستە و سیستمەکانی گەرمکەرەوە و فێنککەرەوە، تەنیا بڕی ۲۰ ملیۆن تمەن پارەی پێویستە کە چەندین جار داوا لە بەناو نوێنەری شار و فەرماندار و بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی پیرانشار کراوە، بەڵام بەهۆی بەرژەوەندیی خۆیان هیچ گرینگییەکیان بەو قوتابخانەیە نەداوە.

هەروەها ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بواری فەرهەنگییەوە سەبارەت بە کچە سووتاوەکانی ئەم قوتابخانەیەش کە ئەگەر درێژیان بە خوێندن دابا، ئێستا ساڵی یەکەمی زانکۆیان  دەبوو، هیچ کارێکی فەرهەنگی و خزمەتگوزاریی بۆ شیناوێ ئەنجام نەداوە و بگرە وەکوو کەیسێکی سیاسی و ئەمنییەتی دەڕوانێتە ئەم بابەتە و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و هەڕەشەش لەو مامۆستا دڵسۆزانە دەکات کە لەمبارەیەوە خۆ ماندوو دەکەن و دەستی یارمەتی بۆ خێرخوازان و چالاکوانانی مەدەنی درێژ دەکەن.