کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای ١٣ ساڵ، یاریگە ١٥ هەزار کەسییەکەی پارێزگای ئیلام تەواو نەکراوە

19:07 - 8 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: دوای تێپەڕینی ١٣ ساڵ بەسەر پرۆژەی دروستکردنی یاریگایەکی ١٥ هەزار کەسی لە پارێزگای ئیلام، هێشتا ئەم یاریگایە تەواو نەکراوە و بە نیوەچڵی بەجێ هێڵدراوە.

لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی، پرۆژەی دروستکردنی یاریگایەکی ١٥هەزار کەسی لە ئیلامدا دەستی بەکار کرد، بەڵام هەتا ئێستا ئەم پرۆژەیە لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیم لەم پارێزگایەدا، تەواو نەکراوە.

ئەم پرۆژەیە لە ساڵی ١٣٩٢دا بە شێوەیەکی نیوەکارە کرایەوە، بەڵام بە وتەی کارناسان، لەوانەیە تا چەند ساڵێکی دیکە ئەم پرۆژە تەواونەکراوە بەتەواوی لەنێو بچێت.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٧دا، "مەسعوود سوڵتانیفەر"، وەزیری وەرزشی ڕێژیم، لە کاتی سەردانکردنی ئەم پرۆژە تەواونەکراوەدا ڕایگەیاند کە بۆ تەواوکردنی ئەم یاریگایە پێویستیان بە بڕی ٧ هەتا ٩ میلیارد تمەن هەیە.

ئەمە، تەنیا پرۆژەی تەواونەکراو لە پارێزگای ئیلامدا نییە، پردی نێوان شاری دەرەشەهر و ئیلامیش، دوای تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر دەستپێکردنی ئەم پرۆژەیە کە بڕیار بووە ئەمساڵ تەواو بکرێت، هەتا ئێستا تەواو نەکراوە.

پارێزگای ئیلام، وەک یەکێک لە پەراوێزخراوترین پارێزگاکانی ئێران دێتە ئەژمار، کە کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنەکانی ڕێژیم، لە ڕاستای پێڕاگەیشتن و دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان، ئەم پارێزگایەی کردووەتە خەمۆکترین پارێزگا لە ئێراندا و لە ئێراندا پلەی یەکەمی بۆ ئاماری خۆکوشتن هەیە.