تەرمی "ئارتین ئێراننژاد" بچووکترین ئەندامی بنەماڵەی "ئێراننژاد" کە چەند مانگ لەوەپێش لە ئاوەکانی کاناڵی "مانشـ"ـدا خنکان، بە یارمەتیی یەکێک لە خزمەکانی ئەو بنەماڵەیە و بە تاقیکاریی دی ئێن ئێی لە وڵاتی نۆروێژ ناسرایەوە.
بنەماڵەی ٥ کەسیی "ئێراننژاد" خەڵکی شاری "سەردەشت"، ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی لەڕێگای گەیشتن بە خاکی بریتانیا لە ئاوەکانی کاناڵی مانشدا خنکان، بەڵام هەوڵەکان بۆ بینینەوەی تەرمی "ئارتین" کە ئەودەم ١٥ مانگە بوو، بێئاکام مایەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە، دوو کوڕی دیکەی "سەردەشتـ"ـی بە ناوەکانی "یووسف خزری" و "شۆڕش سووری"، لەو کارەساتە دڵتەزێنەدا هەتا ئێستاش بێ سەروشوێنن.
هاوسەفەرێکی ئەو بنەماڵە وتوویەتی: "ڕەسووڵ ئێراننژاد" باوکی "ئارتین" کە دەبینێ سێ منداڵ و خێزانەکەی لە ئاوەکەدا خنکاون، بێهیوا دەبێت و خۆی دەداتە بەر شەپۆلی دەریا و کۆتایی بە ژیانی دێنێت.
بەهۆی نەبوونی کار و پیشە و خزمەتگوزاری، لاوەکانیکوردستانی ڕۆژهەڵات و یەک لەوانەش شاری "سەردەشت" پۆل پۆل بەرەو وڵاتانی بیانی کۆچ دەکەن.