کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای گۆڕخەوی، ئێستا خەڵکی بێ ماڵ و حاڵ لە چاڵەکاندا دەخەون

13:13 - 4 بانەمەڕ 2720

ئاستی هەژاری لە ئێران بە ڕادەیەک بەرز بووەتەوە کە کەسانی بێ ماڵ و حاڵ كە هیچ شوێنێكیان بۆ ژیان و حەوانەوە نییە، ناچار بوونە لە چاڵەکاندا ژیان بەسەر بەرن.

لە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، کەسانێکی بێ ماڵ و حاڵ دەبینرێت کە هیچ سەرپەنایەکیان نییە و لە پارکی "شووشـ"ـی تاران چەندین چاڵیان لێداوە و ڕێگایان کردووەتەوە بۆ کەرێزەیەک لە بن زەویدا و شوێنیان بۆ ژیانی خۆیان دروست كردووە.

ئەم ڤیدیۆیە، دیمەنێکی پڕ لە تراژێدی لە حاڵ و ژیانی کەسانی هەژاری ئێران لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندەکان پیشان دەدات. ئەم کەسانە كە هیچ شوێنێكیان بۆ ژیان و حەسانەوە نییە و شەوانی خۆیان لەم شوێنە ترسناکەدا بەسەر دەبەن.

دوابەدوای دیاردەی كارتۆنخەوی و گۆڕخەوی کە بە شێوەیەكی بەربڵاو لە ئێران سەری هەڵدا و دەنگدانەوەی لێکەوەتەوە، نەتەنیا لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە هیچ ئاوڕێکی لێنەدرایەوە، بەڵکوو ئێستا دیاردەی چاڵخەویش دەرکەوتووە.

ڕێژیمی ئێران کە دەستی بەسەر هەموو سامانی خەڵکی ئێراندا گرتووە، هیچ گرینگییەکی بەو دیاردە ترسناکانە نەداوە و لە بەرامبەردا بەڵێنیی چاکسازی لە سووریە دەدات و بە میلیاردها دۆڵار بۆ پەرەپێدانی ئایدیۆلۆژی و ئامانجە تێکدەرانەکانی خۆی خەرج دەکات.