کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین ئاماری فەرمیی ئێران لەبارەی کۆرۆنا: ٢٢٣٤ قوربانی و ٢٩٤٠٦ تووشبوو

18:05 - 7 خاکەلێوه 2720

ڕێژەی تووشبووان و قوربانییانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران زیاتر پەرەی سەندووە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا بۆ بەرنگاری لەگەڵ ئەم نەخۆشییە هەڵوێستێکی یەکدەنگیان نییە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، هەتا ئێستا ٢٩ هەزار و ٤٠٦ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و ٢هەزار و ٢٣٤ کەسیش بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە.

''کیانووش جەهان پوور''، ڕۆژی پینجشەممە ٧ی خاکەلێوە، لەبارەی دوایین دۆخی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و قوربانییانی ئەم نەخۆشییە، باسی لەوە کرد کە لە دوانیوەڕۆی دوێنێ هەتا ئێستا، بەپێی تاقیکارییەکان، ٢ هەزار و ٣٨٩ حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا بینراوە و بەگشتی ڕێژەی کەسانی تووشبوو بەم نەخۆشییە هەتا ئەمڕۆ گەیشتووەتە ٢٩ هەزار و ٤٠٦ کەس.

بەپێی قسەکانی ناوبراو، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٥٧ کەس لە تووشبووان بەم نەخۆشییە گیانی خۆیان لەدەست داوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم هەتا ئێستا ئامادە نین ئاماری تووشبووان بەم ڤایرۆسە لە پارێزگاکانی ئێران بە شێوەی جیا جیا بڵاو بکەنەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەپێی هەندێک سەرچاوەی دیکە، ڕێژەی قوربانییان بەم نەخۆشییە زیاتر لە ٥ هەزار کەسە.