کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین زانیارییەکان لەبارەی هێرشی نیزامیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین

17:56 - 6 رەشەمه 2721

بەپێی هەواڵدەرییە جیهانییەکان، دوایین ڕووداوەکان لەسەر هێرشی نیزامیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین تا وەکوو ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمە، بەمجۆرەیە:

 هێزەکانی ڕووسیە لە کییەفی پێیتەختی ئۆکراین نزیک بوونەتەوە، بەشێوەیەک لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی چەندین تەقینەوە لە کییەف بیستراوە، باس لەوەش دەکرێت کە هێزەکانی ڕووسیە چوونەتە ناو شاری کیەفەوە.

'' ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی'' سەرکۆماری ئۆکراین وتوویەتی کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣٧ سەربازی ئۆکراینی کوژراون و ٣١٦ی تریش بریندار بوون.

زێلێنسکی رایگەیاندبوو کە چەند گرووپێکی ڕووسیی هاتوونەتە ناو کییەفەوە کە ئامانجیان لێدانی ئەو خێزانەکەیەتی، جەختیشی کردووەتەوە ئەو کییەف بەجێ ناهێلێت.

لەچەندین شاری ڕووسیە دژ بە هەڵگیرسانی شەڕ خۆپیشاندانیان دەستیان پێ کردووە کە بەهۆیەوە سەدان کەس دەستگیر کراون، هەروەها لەچەندین وڵاتی دیکەی جیهانیش وەکوو فەرانسە، بریتانیا، ئامریکا   و ئاڵمان دژی هێرشی ڕووسیە خۆپێشاندان بەڕێوە چووە.

گرووپی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکەی جیهان و چەند وڵاتێکی تر رایانگەیاندووە کە سزای نوێ و توندیان بەسەر ڕووسیەدا سەپاندووە.

هەروەها یەکیەتیی ئورووپا بە سەپاندنی گەمارۆگەلێک داراییەکانی ٣٥١ نوێنەری پەرلمانی ڕووسیەی بەستووە و هەروەها پێدانی ویزا و ڕۆیشتنە نێو خاکی ئورووپای لێ قەدەغە کردوون.

هاوکات لەگەڵ چوونی هێزەکانی ڕووسیە بۆ دوو ناوچەی''لوهانسک و دۆنتێسک'' لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین، سەرکۆماری ڕووسیە ڕایگەیاندبوو کە بە هیچ جۆرێک وتووێژ لەسەر بەرژەوەندی و ئاسایشی ڕووسیە ناکرێت.