کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین هەناسەکانی زرێبار

12:47 - 17 سەرماوەز 2721

بێهزاد قادری

زرێبار دەریاچەیەکی سروشتیی ئاوی شیرینە کە لە ٣ کیلۆمیتریی ڕۆژاوای شاری مەریوان هەڵکەوتووە. زرێبار لە سەرچاوە ئاوییەکانی بنی خۆیەوە کە کانین و ھەڵدەقوڵێن دروست بووە.

زرێبار و سروشتی دەوروبەری کە دەشت و کێو و دارستان و گیانلەبەری جۆراوجۆری تێدایە، یەکێک لە بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. بەرزاییەکەی لە ئاستی دەریاکان، ١٢۹٠ میترە و چەند ساڵ پێش درێژییەکەی زیاتر لە ٨ کیلۆمیتر و پانییەکەشی نزیکەی ٣ کیلۆمیتر بوو!

زرێبار مەکۆی ژمارەیەکی زۆر له ئاژەڵ و پەلەوەرەکانە، هەروەها ساڵانە میوانداری پەلەوەرە کۆچەرییەکانە و ئەمیشە خۆی بووەتە هۆکاری زۆرتربوونی جۆراجۆریی بایۆلۆژی له ناوچەکەدا.

ساڵی ١٣٩٧، ئەم گۆلە وەکوو ٢٥ـەمین دەریاچەی نێونەتەوەیی لە کۆنوانسیۆنی شاری ڕامسەر تۆمار کرا.

دوایین هەواڵەکان لەسەر زرێبار

بەداخەوە وێڕای گرینگیی زرێبار بۆ سروشتی ناوچەکە و هەروەها بوونی کەسانی دڵسۆز و ڕێکخراوە خەڵکییەکان، نابەرپرسانە مامەڵەکردنی بەناو بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، دەریاچەی زرێباری خستووەتە مەترسییەوە و له هەنووکەدا زرێبار زیاتر له هەموو کات له مێژووی خۆیدا، هەڕەشەی لەسەرە. ڕێژەی مەترسییەکانی سەر زرێبار ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت و ئەم دیمەنە ناوازەیە کە بووەتە پێناسەیەک بۆ مەریوان و کوردستان، بەداخەوە بەرەو لەنێوچوون دەچێت.

لە ئەمساڵدا شایه‌تی چەندین هەواڵی ناخۆش و کارەساتبار بووین لەسەر زرێبار. ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژ، زیاتر لە ٨٠ هێکتار لە قامیشەڵانەکانی ئەم گۆڵە لە ئاگردا سووتا. دواتر ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەر بڵاو کرایەوە: "بەشێکی دیکە لە قامیشەڵانەکانی گۆلی زرێبار لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردرا و ڕووبەرێکی بەرچاو لەو ژینگەیە لە ئاگردا سووتا".

لە ئەمساڵدا دەیان جار ئاگر بەردراوەتە زرێبار، بەڵام یەکێک لە ناخۆشترین و کارەساتبارترین هەواڵەکان ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەز بڵاو کرایەوە:

کاتژمێر یەکی دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەز، دووبارە ئاگر بەر درایە گۆلی "زرێبار"ی مەریوان و دەیان هێکتار لە قامیشەڵانەکانی ئەم گۆلە سووتان. بە وتەی خەڵکی مەریوان، تا ئێستا ئاگرێکی وەها گەورە بەر نەدراوەتە زرێبار. ئەم ئاگرە لە قامیشەڵانەکانی گوندی کانیسانانەوە دەستی پێ کردووە و بەهۆی هەڵکردنی "با"ی توند نەتوانراوە لەلایەن خەڵک و چالاکانی ژینگەییەوە کۆنترۆڵ بکرێت و ئاگرەکە گەیشتووەتە قامیشەڵانەکانی دەوروبەری مەریوان. وێڕای ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر و چالاکانی مەدەنی و ژینگەیی مەریوان بە هانای زرێبارەوە ڕۆیشتوون، بەڵام دەیان هێکتار لە قامیشەڵانەکان سووتاون. هەروەها ئەگەر باران دەستی پێ نەکردبا، کارەساتەکە گەورەتریش دەبوو.

دوابەدوای ئەو ئاگرکەوتنە گەورەیە، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە بڵاوکردنەوە وێنەیەکی ماهوارەیی لە زرێبار، نووسیبووی: "بەپێی دوایین وێنە ماهوارەییەکان، ڕووبەری دوایین ئاگربەردان لە قامیشەڵانەکانی زرێبار زۆرتر لە ٤١٠ هێکتارە و تەنیا ڕووبەرێکی کەم لە قامیشەڵانەکان ماونەتەوە. بە ئاگرتێبەردانی بەردەوام لە قامیشەڵانەکانی زرێبار و کێشەکانی تر و نەبوونی چاوەدێری و چارەسەرنەکردنی کێشەکانی زرێبار، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێ بینەری دوایین هەناسەکانی زرێبار بین".

قامیشەڵانەکانی زرێبار جێی ژیانی دەیان جۆر گیانلەبەر و پەلەوەرە و بە لەنێوبردنی ئەم قامیشەڵانە، سەدان گیاندار تا ئێستا لەنێوچوونە و ژینگەکەیان بەتەواوەتی کاول کراوە.

لەلایەکی ترەوە و وێڕای سووتانی قامیشەڵانەکانی زرێبار، هەواڵ و وێنەکانی تر، باس لە کارەساتێکی تر دەکەن، ئەویش کەمبوونی ئاوی زرێبارە. ئەم هەواڵە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەر لە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" بڵاو کرایەوە:

ئاوی زرێبار لە ماوەی ۵ مانگدا تەنیا لە پاکاوی شەروان ۴۰ هێکتار پاشەکشەی کردووە و سەرجەم لە دەوراندەوری زرێبار، لەنێو قامیشەڵان، پەڵاسە، لەبان و سنووەکاندا نزیکەی ۱۳۰۰ هێکتار کەمی کردووە. کەمکردنی ئاوی زرێبار لە ۵۰ ملیۆن میتری سێجا بۆ نزیکەی ١٩ ملیۆن میتری سێجا کەمی کردووە. بەهۆی کوێربوونەوەی کانییەکانی هەڵقوڵی بن دەریاچەکە و وشکەساڵی، بەهاری ئەمساڵ ئاستی زرێبار نەگەیشتووەتە ٥٠ ملیۆن میتری سێجا؛ دیارە بەپێی نیشانەکانی بەرچاو، بڕی زیاتر لە ٣٠ ملیۆن میتری سێجا ئاو لە بەریانی گۆلی زرێبار کەم بووەتەوە. قووڵایی ئاوی زرێبار لە خودی پاناوە ئاوییەکەیدا کە ۹۶۰ هێکتارە نزیکەی ۲ میترە. تەنیا ئاوی بەرچاوی زرێبار ئێستا لە پانایییە ئاوییەکەیدا دەبینرێت؛ هەر چەند بڕێک ئاو لە زرێبارە چکۆلەی بەر "کانی‌‌سانان و گۆمەخرت و گۆمەکانی کانی‌گەور"دا ماون. ماوەی چەندین ساڵە کە خەڵک و چالاکانی ژینگەیی مەریوان و کوردستان، بەتایبەت ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، هۆشدارییان داوە کە زرێبار مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە، بەڵام هەمیشە لەگەڵ بێهەڵوێستیی نابەرپرسانی ڕێژیم ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

مەترسییەکانی تری سەر زرێبار

یەکێک لە مەترسییەکانی سەر دەریاچەی زرێبار گەڵاڵە ناکارناسانەکانە. له کوردستان بە سەدان گەڵاڵەی ناکارناسانە دەبینین کە بە سەرنجێکی وردبینانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم گەڵاڵەگەلە هیچ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و ژینگەیی بۆ نەکراوە و زیاتر له هەموو شت سروشتی ناوچەکە بەرەو قەیراناویبوون دەبات. یەکێک لەو گەڵاڵانەیە، بەنداوی زرێبارە کە چەندین مەترسیی بۆ سەر زرێبار خولقاندووە. خەسارەکانی ئەو بەنداوە بریتین لە:

١-  زرێبار له دەریاچەیەکی سروشتی و بەربازەوە بووە بە گۆلێکی پەنگاو و داخراو.

٢- کانیاوەکانی بن زرێبار بەهۆی لافاو و خشڵ و خاکی ڕووبارە وەرزییەکانەوە، پڕ بوونەتەوە.

٣- ڕێژەیەکی بەرچاوی ئاوی زرێبار لە وەرزی گەرمادا دەبێت بە هەڵم و بەفیڕۆ دەچێت.

٤- بەهۆی هەڵمی ئاوی زرێبار و  ئاوی بەنداوەکانی گاڕان، دەربەندیخان، بنیەر و داریانەوە، ڕێژەی بەفربارین کەم بووەتەوە و زۆربەی شەپۆل و سیستمەکان دەبنە بارانی بەخوڕ.

لەلایەکی دیکەوە، بەشێکی زۆر لە زێراوی گەڕەکەکانی مەریوان له هەنووکەشدا دەڕژێنە نێو زرێبار و دەبنە هۆی پیسبوونی ئاوی ئەم دەریاچەیە و ئەمەش بووەتە مەترسی بۆ سەر گیانی گیانلەبەرانی زرێبار.

هەروەها بوونی بیناسازیی نایاسایی لە هەرێمی زرێبار، یەکێکی ترە لە مەترسییەکانی سەر ئەم دەریاچەیەیە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو سیاسەتی بەرەنگاریکردن لەگەڵ ئەم کێشەیە گیراوەتە بەر، بەڵام بەداخەوە ئەم کێشەیە تا هەنووکەش چارەسەر نەکراوە و ئەمەش خۆی پیشاندەری کەمکاری و کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکانە. تەنانەت هەنگی مەرزیی ڕێژیمی ئێران، بینایەکی چەند نهۆمیی له هەرێمی زرێباردا دروست کردووە!

هاوردەکردنی جۆری بیانیی ماسی و گیانلەبەرەکان و بەرەڵاکردنیان لەنێو زرێبار، یەکێکی تر لەو کێشە و گرفتانەیە کە هەڕەشەیەکی جیددییە لەسەر ئێکۆسیستمی زرێبار و ناوچەکە.

کەندنی لەڕادەبەدەری بیری ئاو له دەوروبەری زرێبار، یەکێکی تر لە مەترسییە جیددییەکانە کە دەبێ لەمبارەوە خەڵک و جووتیاران و باخداران، زۆر ئاگادار بن. هەر لەمبارەوە، کشتوکاڵی نابەردەوام بەهۆی نەبوونی فێرکاری و ناشارەزابوونی خەڵکی ناوچەکە، بەداخەوە خۆی مەترسییەکی دیکە دەخولقێنێت. ساڵانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کوودی کیمیایی له دەشت و مەزراکانەوە دەڕژێتە نێو زرێبار.

بابەتێکی تر کە ئێکۆسیستمی زرێبار دەخاتە مەترسییەوە، پەرەپێدانی ڕاو و بەخشینی ئیجازەنامەی چەکە ڕاوییەکانە کە بەداخەوە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە پەلەوەرەکان و ئاژەڵانی زرێبار دەبنە نێچیری ڕاوی ئەم چەکە ڕاوییانەی کە ئیجازەنامەکەی لەلایەن ڕێژیمەوە دەبەخشرێت.

وتەی کۆتایی

لە ئێستادا زرێبار لە هەمووکات زۆر زیاتر هەڕەشەی لەسەرە و پێویستە کاری جیدیی زانستی و دڵسۆزانەی بۆ بکرێت و دەبێ لەمبارەوە چالاکانی ژینگەیی ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدەن. ئەگەرنا لەژێر سێبەری دەسەڵاتی داگیرکەری ئاخوندی، زرێبارێک بۆ کوردستان نامێنێتەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.