کوردستان میدیا: بەرپرسی بونیادی دیفاع لە دێموکراسییەکان باسی لەوە کردووە ڕێفۆرمخواز و توندڕەو لە ئێراندا، وێنەیەکی خەیاڵییە ئەوان تەنیا توندڕەو و زۆر توندڕەون.
"مارک دوبوویتێز" لە وتووێژێکی میدیاییدا گوتوویەتی: "ئەوەی کە لە ئێراندا کۆمەڵێک ڕێفۆرمخوازن و کۆمەڵێک توندڕەون، تەنیا وێنەیەکی خەیاڵییە؛ لە ئێراندا تەنیا توندڕەو و زۆر توندڕەو بوونی هەیە و هەموویان بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئامریکا، یەکگرتوون."
ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی بانەمەڕ، دوبوویتێز لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی فاکسنیووزدا وتوویەتی: "هەموویان دەیانهەوێت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئاژاوە بنێنەوە و چەکی ئەتۆمی و مووشەکی هەڵگری چەکی ئەتۆمی ساز بکەن.
ناوبراو باسی لەوە کردووە، ئەم وێنەیە کە ئێمە ئەگەری هەیە لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێفۆرمخواز لەم ڕێژیمەدا سەروکارمان هەبێت، تەنیا وێنەیەکی خەیاڵییە و ئەم وێنە خەیاڵییە لە دەوڵەتی ئۆبامادا بوونی هەبووە، بەڵام لە دەوڵەتی ترامپدا شتی وا بوونی نییە".
دوبوویتێز ئاماژەی بەوەش کردووە: "خەڵکی ئێران لەگەڵ ئێمەدان و دوای ٤٠ ساڵ سەرکوت، دەیانهەوێت لە دەستی ئەم ڕێژیمە ڕزگاریان ببێت و ئێمە دەبێت بە هەر شێوازێک کە بتوانین، ئازادی و دێموکراسی بۆ ئێران ببەین و ئەمە خزمەتێکیشە بە ئاسایشی میللیی ئامریکا".