کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو كارمه‌ندی ئەرتەشی ئاڵمان به‌ تۆمه‌تی سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران سزا دران

13:06 - 6 خاکەلێوه 2720

دادگایه‌كی ئاڵمان وه‌رگێڕێكی ئەرتەشی ئاڵمانی به‌ تاوانی پێدانی زانیاریی نهێنیی ئەرتەش به‌ ئێران، بە شەش ساڵ و ١٠ مانگ زیندانی سزا دا.

دادگای باڵای ویلایه‌تی ڕاین لاند – ڤاڵتسی ئاڵمان؛ شەش ساڵ و ١٠ مانگ زیندانی بۆ سیخوڕێکی ئه‌فغانی بڕیەوە كه‌ ماوه‌ی چوار ساڵ بووە له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی زانیاریی نهێنی ئەرتەشی ئاڵمانیان به‌ ئێران فرۆشتووه‌.

ئه‌و سیخوڕه‌ ناوی "عه‌بدولحه‌مید.س"ـیه‌ و به‌ ڕه‌گه‌ز خەڵکی ئه‌فغانستانه‌ و وه‌ک وه‌رگێڕ له‌ ئەرتەشی ئاڵماندا كاری كردووه‌.

عه‌بدولحه‌مید ته‌مه‌نی ٥٢ ساڵه‌ و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی زانیاریی نهێنیی ئەرتەشی ئاڵمانیان به‌ ئێران فرۆشتووه‌.

دادگای شاری كوبلێنزی ئاڵمان "ئاسیه‌. س"ـی هاوسه‌ری عه‌بدولحه‌میدی به‌ تاوانی هاوكاریكردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆ سیخوڕی بۆ ئێران به‌ ١٠ مانگ زیندانیی مه‌رجدار سزا داوه‌.

به‌پێی یاسای ئاڵمان كه‌سانی ناپاک ١٥ساڵ سزای گرتنیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت، به‌ڵام دادگای باڵای ئاڵمان ده‌ڵێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و دوو كه‌سه‌ دانیان به‌ تاوانه‌كانیان ناوه‌ و پێشتر هیچ تاوانێكیان نه‌كردووه‌ سزای كه‌متریان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ كراوه‌.