کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو بەرهەمی ئەدەبیی کوردی بە کتێبخانەی کوردی زیاد بوون

12:23 - 3 خاکەلێوه 2722

ڕۆمانی "ئەو هاوارەی نەبیستراو" لە نووسینی ئارام محەممەد و ساخکردنەوە و پێداچوونەوەیەک لەسەر "دیوانی حەریق" چاپ و بڵاو کرانەوە.

"ئەو هاوارەی نەبیستراو" نوێترین بەرهەمی ئەدەبی نووسەر و ڕۆماننووس "ئارام محەممەد" لەلایەن وەشانگەی "نووسیار" چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئەم ڕۆمانە لە ڕێگای گێڕانەوەیەکی هونەریی و مێژووییەوە، ئاوڕی لە کەسایەتی و بنەماڵە و خەون و خولیاکانی "دڵدار"ی شاعیر داوەتەوە.

دوای ڕۆمانی "ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم"، ئەمە دووهەمین ڕۆمانی نووسەرە کە لەلایەن وەشانی نووسیار چاپ و بڵاو دەبێتەوە.

ڕۆمانی (سەمای سڕبوون)، ڕۆمانی (خەوتوو)، ڕۆمانی (مەرگی مێژوونووس)،کۆمەڵە چیرۆکی (دەرگەکانیش هیلاکن) بەشێکن لە بەرهەمەکانی نووسەر.

"ئارام محەممەد" لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٥ی زایینی دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیسی زانكۆی "دهۆكـ"ـه و ئێستا دانیشتووی "هەولێر"ە.

تا ئێستا چەندین وتار و لێكۆڵینەوە و وەرگێڕانی ئەدەبی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو كردوونەتەوە و براوەی خەڵاتی لاوی ساڵه‌ بۆ ڕۆمان و خه‌ڵاتی یه‌كه‌می چیرۆكه‌ له‌ فێستیڤاڵی گەلاوێژ.

هەروەها "دیوانی حەریق"  بە ساخکردنەوە و پێداچوونەوەی نوێ لەلایەن توێژینگەی "کوردستانناسی" لە زانکۆی کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە.

دیوانی حەریق(ساخکردنەوە و پێداچوونەوەی نوێ) لە نووسینی "جەعفەر قارەمانی" و "محەممەد ئیسماعیل‌نژاد" لە٢٠٦ لاپەڕەدا و لەلایەن چاپەمەنی پەخشانگای زانکۆی کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئەم دیوانە لە چوار بەشی وەکوو (پێش باس)، (پێشەکی)، (شێعرە کوردییەکان) و (شێعرە فارسییەکان) پێک هاتووە.

"مەلا ساڵەی حەریق" یەکێک لە شاعیرە ناسراوەکانی قوتابخانەی کوردیی ناوەندییە کە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم ژیاوە. دیوانی حەریق تا ئێستا چەندین جار چاپ و بڵاو کراوەتەوە.