کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو بەندیخانەی ڕێژیمی ئێران دەچنە نێو لیستی تەحریمەکانی ئامریکاوە

13:03 - 15 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە هەوڵدایە دوو بەندیخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە ژمارەیەکی زۆر لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ڕابردووی تێدا زیندانی کراون، بخاتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا خوازیاری ئازادیی خێرای ئەو زیندانییانەن کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

هەروەها ئامریکا بە هۆکاری ژمارەی زۆری دەسبەسەرکراوان لە هەوڵدایە دوو بەندیخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بخاتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

''برایان هووک''، نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران، وتوویەتی: "ئامریکا لە هەوڵدایە دوو بەندیخانەی ڕێژیم کە زیاتر لە ٧ هەزار کەس لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایانەی تێدا زیندانی کراون، بخاتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە".

''زیندانی ناوندیی تاران'' و ''زیندانی قەرچەک'' ئەم دوو زیندانن کە بڕیارە بخرێنە نێو لیستی گەمارۆکانی ئامریکاوە.

لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی خەڵک دژی ڕێژیمی ئێران، سەدان کەس لە خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژران و هەزاران کەسیش دەسبەسەر کران.