کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو خولی دەورەی کادری دەرەجە سێ کۆتایی پێهات

10:33 - 9 رەشەمه 2721

دەزگای پەروەردە و لێکۆڵینەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە درێژەی کار و چالاکییەکانیدا، کۆتاییهاتنی دوو خولی نوێی کادریی ڕاگەیاند کە تایبەت بوو بە پەروەردەی کادری دەرەجە سێ.

گرینگیی پەروەردە و پێگەیاندنی کادر و هەروەها گرینگیی ئاشناکردنیان بە ڕوانگە و ڕەهەندەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەمان ئەو زەروورەتەیە کە دەخوازێ خولەکانی ڕاهێنان و پەروەردەکردنیان بە شێوەی ئەمڕۆیی بەردەوام بێت.

بە سەرنجدان بە قۆناغی نوێی خەباتەکەمان کە وەک خەباتێکی فرەڕەهەند دەناسرێتەوە، دەزگای پەروەردە و لێکۆڵینەوەی حیزبی دێموکرات بە گوێرەی بەرنامەی درێژخایەن و ئامانجداری خۆی، لە چوارچێوەی بواری پەروەردەییدا، خولێکی نوێی کادریی بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیاند.

ناورۆکی وانەکان بە شێوەیەک بووە کە وەڵامدەر و گونجاو بێت لەگەڵ هەلومەرجی نوێی قۆناغی ڕاسان. لەم ڕووشەوە دەزگای پەروەرەدە بە پێویستی زانیوە کە ناونیشان و ناورۆکی وانەکان، لەگەڵ زەروورەت و دۆخی  ئەم قۆناغە نوێیە لە خەبات یەک بگرێتەوە؛ بە تایبەت کە جەختی لە سەر ئاشناکردنی بەشداربووانی خولەکە بە بەشێک لەو پرس و مژارە فکری و سیاسییانە بووە کە بتوانێ ڕوانگەی نوێ بە کادرەکان بدات تاکوو لە خوێندنەوە و لێکدانەوەی پرسە هەستیارەکانی پەیوەست بە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات، بەرچاوڕوونیی زیاتریان هەبێت و هەوڵی خۆپێگەیاندنی زیاتر بدەن.

دەورەكان بە شێوەی خوارەوە بەڕێوە چووە:

خولی یەكەم لە ڕێكەوتی ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی دەستی پێكرد و لە ڕێكەوتی ١ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی كۆتایی پێهات.

خولی دووهەم لە ڕێكەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی دەستی پێكرد و لە ڕێكەوتی ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاو كۆتایی پێهات.

بەپێی بەرنامەی كاری خولەكان بۆ چەند وانەیەك تاقیكاری بەڕێوەچووە و لە ئاكامدا چەند بەشداربوو لە هەر دەورە، پلەكانی یەكەم تا سێهەمییان بەدەست هێناوە:

خولی یەكەم:

نەفەری یەكەم، ئۆمید عەبدی ـ نەفەراتی دووهەم، بەختیار عوسمانی و دیاكۆ مەسعوودی ـ  نەفەری سێهەم، سلێمان ئەحمەدی                                

خولی دووهەم:

نەفەری یەكەم، سیروان جوقلان ـ نەفەری دووهەم، مەسعوود ئەفشاری ـ  نەفەری سێهەم، سەلاح دەشتی