کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو دیکتاتۆری سەردەم یەکیان لە ئامێز گرت

13:03 - 7 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ڕێبەری دوو ڕێژیمی ئێران و سووریە لە تاران کۆ بوونەوە و خامنەیی جەختی کردەوە، کە ئێران "لە ناخی دڵەوە" بە یارمەتیدان بە "دەوڵەت و خەڵکی سووریە" شانازی دەکات.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کە ڕێبەری ڕێژیمی ئیران، لە دیدار لەگەڵ "بەشار ئەسەد"، لە بارەی هەڵەی ئامریکا و هاوپەیمانانی لە سووریە قسەیان کردووە و سەرکەوتنی سووریە تووڕەییی ئامریکای لێ کەوتووەتەوە.

خامنەیی بە نیسبەت گەڵاڵەی ئامریکا بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئەمن لە سووریە، کە کوردەکان لە خۆ دەگرێت و دژایەتی تورکیەشی لێ کەوتووەتەوە، بە "پیلانێکی مەترسیدار"ی ناو بردووە.

خامنەیی لەو دیدرەدا ئەسەدی وەک قارەمانی جیهانی عەرەب ناوزەد کردووە.

بەشار ئەسەد، لە حەسێبی تایبەتی خۆی لە تویتێردا نووسیویەتی: ئێران وڵاتێكی  گەورەی ناوچەكەیە و هەمیشە پشت و پەنای سووریە بووە و هاوكاری سووریە لە هەموو ڕوویەكەوە بووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا هەر دوولا جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە، دەبێت وڵاتانی زلهێز و ئامریكا خاكی سووریه بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێیەكانی ئەو وڵاتە بەكار نەهێنن و هەرچی هێزی دەرەكیشە لەو وڵاتە بچنە دەرەوە.